نهێنیەک لەبارەی ئاستبەرزی کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ ئاشکرا دەبێت
بەیل: كریستیانۆ بەردەوام دەیویست لیۆنێل مێسی تێپەڕێنێت
گاریس بەیل، نهێنییەکی سەرەکی لەبارەی ئاستبەرزی کریستیانۆ ڕۆناڵدۆی ئەفسانەی پورتوگالی ئاشکرا دەکات، ئەستێرە وێڵزییەكەی پێشووی ریال مەدرید باسی ئەو خواستە بەردەوامەی كریستیانۆ بۆ شكاندنی ژمارە پێموانییەكانی لیۆنێل مێسی دەكات.
کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ و لیۆنێل مێسی نزیكەی 20 ساڵ گەورەترین ركابەری سەرسەختی یەكتر بوون، زۆرینەی بۆچوونەكان بۆ ئەوەن كە دۆن و لیۆ بە باشترین دووانەی هەموو سەردەمەكانی مێژووی تۆپی پێی دادەنرێن.
بەیڵ لە ساڵی 2013 لە یانەی تۆتێهامەوە بە نزیكەی 86 ملیۆن پاوەند پەیوەندی بە ڕیال مەدریدەوە کرد، 157 یاری شانبەشانی کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ كردووە و 41 ئەسیستی بۆ ئەستێرە پۆرتوگالییەكە كردووە، بەیل و كریستیانۆ هاوشانی كەریم بێنزێما سێكوچكەیەكی ترسناكیان دروست كرد بوو، رۆڵێكی گەورەیان لەبەدەستهێنانی زۆرترین نازناو بۆ ریال مەدرید هەبوو.
لە چاوپێكەوتنێكی لە پرۆگرامی "Stick to Football" گاریس بەیل باسی بەشێك لە چیرۆكی نێوان خۆی و كریستیانۆ رۆناڵدۆ كرد و گوتی: كریس كاریگەرییەكی گەورەی بەسەر منەوە هەبوو، كاتێك لێدانێك یان تۆپێكم لەدەست دەدا، كریستیانۆ توڕە دەبوو، چونكە ئەو نەیدەویست گۆڵێك بكات، بەڵكو هەوڵی دەدا 3 گۆڵ، چوار یان پێنج گۆڵ بكات، تەنانەت خواستی ئەوەی هەبوو شەش گۆڵ لە یارییەك بكات.
بەیل گوتیشی: كریستیانۆ بەردەوام بە دوای ریكۆردەكاندا دەگەڕا، دەیویست بە هەموو شێوەیەك مێسی تێپەڕێنێت، تۆپی پێ لای كریستیانۆ واتە گۆڵكردن، تەنانەت كاتێك گەڕایەوە مانچێستەر یونایتد هەمووان گوتیان، ئیتر دۆن وەكو جاران نییە، بەڵام بینیمان لە وەرزێكی پرێمەرلیگ 18 گۆڵی كرد.
گاریس بەیل دوای ئەوەی لە هاوینی 2022 ریال مەدریدی جێهێشت، پاشان لە مانگی یەكی ساڵی 2023 لە یانەی لۆس ئەنجلسی ئەمریكی وازی لە یاریكردن هێنا.
بەیل لە كاروانی وەرزشی خۆی لەگەڵ ریال مەدرید لە كۆی 258 یاری، 106 گۆڵ و 68 ئەسیستی كرد و پێنج نازناوی چامپیۆنزلیگی بەدەستهێنا.