سێبەر فارس رۆمانی "مردنێکی بێدەنگ"ی بڵاو کردەوە

سێبەر فارس، نووسەر و رۆماننووس، نوێترین رۆمانی خۆی لەژێر ناوی "مردنێکی بێدەنگ"، لە دوتوێی 230 لاپەڕە دایە چاپ و بڵاوکردەوە.

هەینی، 6ی ئاداری 2026، سێبەر فارس، نووسەر و رۆماننووس، دەربارەی بڵاوکردنەوەی کتێبە نوێیەکەی بە کوردستان24ی گوت، "کتێبەکە  باسی ئەم ئازار و ناڕەحەتیانە دەکات کە مرۆڤ بە نەمانی خۆی بۆ ئازیزانی جێدەهێڵێت، چونکە ئەم رۆژەی مرۆڤ تیایدا ئازیزێکی لەدەست دەدات زۆر سەختە، بەڵام رۆژانی دوای ئەوە سەختتر و دژوارترە."

سێبەر فارس گوتیشی، "ئەم کتێبە باسی ئەوە دەکات و دەڵێت وا باشترە هیج کەسێکت ئەوەندە خۆش نەوێت کە ئەگەر نەما ئەوکات تۆ نەتوانیت دواتر بەرگەی نەبوونی بگریت، خۆشت بوێن، بەڵام بە جۆرێک نا کە ئەو خۆشەویستییە ببێتە هۆکاری لەناوچوونی تۆ."

ئەو رۆماننووسە باس لە گرنگی رۆمانەکەی دەکات و دەڵێت، "کتێبی "مردنێکی بێدەنگ"، ئەم شتە بەدرۆ دەخاتەوە کە دەڵێن کەس لەدوای کەس نامرێت، چونکە بەراستی مردن هەر ئەوە نییە کە تۆ بخەنە ناو گۆڕ و بتنێژن، هەندێکجار مردن هەر ئەوەیە کە تۆ تووشی گۆشەگیری و حەسرەت دەبیت، وات لێ دێت چێژ لە هیچ شتێکی ئەو دونیایە نابینیت و تەنیاییت پێ لە هەموو شتێک باشترە، هەروەها ئەم مردنە بچووک بچووکانە وا لە ئینسان دەکەن کە بە بێ دەنگی هێواش هێواش لەناو بچێت."

سێبەر فارس، نووسەر و رۆماننووس، دانیشتووی شاری هەولێر، بەکالۆریۆسی لە زمانی کوردی هەیە و یەکێک بووە لە قوتابییە یەکەمەکانی زانکۆ، کتێبەکانی ئەو نووسەرە لە پێشانگەکان لە پڕ فرۆشترین کتێبەکانن. خاوەنی سێ کتێبە وەکو، ئازاری چۆلەکەکان، سێبەری مەرگ، مردنێکی بێدەنگ.