سعوودییە بۆ ئێران: چیتر بێدەنگ نابین
بە گوێرەی زانیارییەکانی ئاژانسی رۆیتەرز، ئەگەر هێرشەکانی ئێران بەردەوام بن سعوودییە وەڵام دەداتەوە.
چوار سەرچاوە بە ئاژانسەکەیان گوتووە، سعوودییە ئێرانی ئاگادارکردووەتەوە ئەگەر هێرشە درۆنی و مووشەکییەکانی بۆ سەریان بەردەوام بێت، چیتر بێدەنگ نابن و دەست بە وەڵامدانەوە دەکەن.
بەگوێرەی سەرچاوەکان، پەیامەکەی سعوودییە لەسەر زاری فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەوە گەیەندراوەتە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران.
لە پەیامەکەدا سعوودییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، ئەگەر ئێران دەست لە بۆردوومانکردنی سعوودییە هەڵنەگرێت ئەوا ریاز بە مافی خۆی دەزانێت هێرشی مووشەکی بکاتە سەر ئێران.
بەگوێرەی رۆیتەرز، وەزیری دەرەوەی سعوودییە ئێرانییەکانی ئاگادارکردووەتەوە و ئەوەشی خستە روو، ئامادەن نێوەندگیری بکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نێوان ئەمریکا و ئێران لە رێگەی دیپلۆماسییەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە، لە سەرەتای سەرهەڵدانی جەنگی ئیسرائیل و ئەمریکا لەگەڵ ئێران؛ رۆژانە سوپای پاسداران مووشەکی دوورمەودا و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان (درۆن) ئاراستەی سعوودییە، وڵاتانی کەنداو و هەرێمی کوردستان دەکات.
پاساوی ئێران بۆ هێرشە ئاسمانییەکانی، بە ئامانجگرتنی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکایە لەو وڵاتە عەرەبییانە. مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری وڵاتەکە دووپاتی کردووەتەوە، هیچ دوژمنایەتییەکیان لەگەڵ ئەو وڵاتانە نییە، بەڵکوو تەنیا بەرژەوەندییەکانی واشنتن دەکەنە ئامانج.
پەیوەندییەکانی نێوان سعوودییە و ئێران لە ئاداری ساڵی 2023 بە نێوەندگیریی چین ئاسایی کرانەوە، ئەوەش دوای حەوت ساڵ لە پچڕانی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوانیان. پێشتر لە ساڵی 2019 دامەزراوەی نەوتیی ئارامکۆی سعوودییە رووبەڕووی هێرشی گەورەی درۆنی و مووشەکی بووەوە، سعوودییە و ئەمریکا ئێرانیان بە ئەنجامدانی هێرشەکان تۆمەتبار کرد.