حکومەت نزیکەی 30 هەزار مووچەی نایاسایی دەبڕێت

پرۆسەی بڕینی مووچە نایاساییەکان بەردەوام دەبێت
وەزارەتی دارایی و ئابووری
وەزارەتی دارایی و ئابووری

K24 - ھەولێر

تائێستا حكومەتی ھەرێمی كوردستان توانیویەتی مووچەی نزیكەی 30 ھەزار مووچەخۆری نایاسایی ببڕێت، ئەمەش لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی یاسای چاكسازییە لەپێناو ھێنانەدی دادپەروەری و زیادكردنی داھات، پرۆسەكەش بەردەوام دەبێت و مووچەی ھەموو ئەو كەسانە دەبڕدرێت، كە زیاتر لە مووچەیەك وەردەگرن یاخود بە نایاسایی خانەنشین بوون.

كاریگەرییە ئەرێنییەكانی یاسای چاكسازی رۆژ بە دوای رۆژ زیاتر دەردەكەون، بەتایبەت لە بڕینی مووچەی ئەو كەسانەی كە بە نایاسایی مووچەیان بۆ بڕدراوەتەوە، وەكو دوو مووچە و سێ مووچە و خانەنشینی نایاسایی. بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان ئاماژە بە گرنگی ئەم ھەنگاوە دەكات لە زیادكردنی داھاتی ھەرێمی كوردستان.

محەمەد ئێلخانی، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان بە كوردستان24ی گوت: "حكومەتی ھەرێم لە چوارچێوەی یاسای چاكسازی، مووچە نایاساییەكان دەبڕێت و لیستەكان رێكدەخاتەوە، لە رێگەی لیژنەكانی تائێستا 30 ھەزار مووچەخۆری نایاسای لە لیستەكان دیاریكراوە، بەمەش پاكسازی لە لیستەكان دەكرێت، ھەمیش بڕێكی باش پارە بۆ گەنجینەی حكومەت دەگەڕێتەوە".

بڕینی مووچەی زیاتر لە 10 ھەزار مووچەخۆری نایاسایی لەلایەن وەزارەتی داراییەوە، قۆناغی دووەم بوو، لە قۆناغی یەكەمیشدا مووچەی زیاتر لە 16 ھەزار مووچە خۆری نایاسایی بڕدرا، پرۆسەكەش ھێشتا بەردوام دەبێت.

لەوبارەوە وەیسی سەعید، ئەندامی لیژنەی دەستپاكی لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند: "بەگوێرەی یاسای چاكسازی نابێ ھیچ كەس لە مووچەیەك زیاتری ھەبێت لەسەر بودجەی گشتی، ھەنگاوی وەزارەتی دارایی حكومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ بڕینی مووچە نایاساییەكان ھەنگاوێكی گرنگە و دادپەروەری دێنێتە ئاراوە، لەگەڵ ئەوەشدا داھاتی ھەرێمی كوردستان رێكدەخاتەوە، چونكە پارەیەكی زۆر لە داھاتی ھەرێم بۆ مووچە دابینكراوە".

جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی و بڕینی مووچەی مووچەخۆرانی نایاسایی، لە كاتێكدایە كە دۆخی دارایی ھەرێمی كوردستان بەھۆی بڕینی بەشە بودجە لەلایەن بەغدا لە ئاستێكی خراپدایە، چاوەڕێ دەكرێت بە جێبەجێكردنی تەواوی بڕگەكانی یاسای چاكسازی، كاریگەری ئەرێنی لەسەر دۆخی دارایی ھەرێمی كوردستان دروست بكات.