لە 9 رۆژدا تەنیا 66 کەشتی بە گەرووی هورمزدا تێپەڕیون
بەهۆی پەرەسەندنی ئاڵۆزییە سەربازییەکان لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، جوڵەی کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمز بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە و لە ماوەی 9 رۆژی رابردوودا تەنیا 66 کەشتی لەو گەرووەوە تێپەڕیون.
پێگەی نێودەوڵەتیی چاودێریی جوڵە دەریاییەکان لە راپۆرتێکدا ئاشکرای کردووە، بەهۆی ناسەقامگیریی باری تەناهی لە ناوچەکە، لە ماوەی 9 رۆژدا تەنیا نزیکەی 66 کەشتی توانیویانە بە گەرووی هورمزدا تێپەڕن. بەگوێرەی زانیارییەکان، لەو ژمارەیە 15 کەشتییان ئێرانی بوون و کەشتییەکانی دیکەش زۆرینەیان هەڵگری ئاڵای وڵاتانی هیندستان، چین و تورکیا بوون.
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، سوپای پاسدارانی ئێران رێگریی توند دەکات و رێگە نادات کەشتییە بازرگانییەکانی ئەمریکا و بەریتانیا بە گەرووەکەدا تێپەڕن، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بەرانبەر بەو گرژییە چەکدارییانەی کە لە نێوان تاران و هاوپەیمانە رۆژئاواییەکاندا هەیە.
ئەم دابەزینە پێوانەییە لە ژمارەی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز، کە یەکێکە لە گرنگترین رێڕەوە ئاوییەکانی جیهان بۆ گواستنەوەی وزە، نیشانەی کاریگەرییە قووڵەکانی شەڕ و ئاڵۆزییەکانە لەسەر بازرگانیی دەریایی و ئاسایشی وزە لەسەر ئاستی جیهاندا.