ئەو کەسانەی لە مووچەیەك زیاتریان وەرگرتووە، لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت
داواکاری گشتی: کاردەکەین بۆ رووبەڕووکردنەوەی ئەوانەی بە نایاسایی مووچە وەردەگرن
K24 - هەولێر
لەکاتێکدا هەنگاونان بۆ جێبەجێکردنی یاسای چاکسازیی لەلایەن حکومەتەوە چڕبووەتەوە، گوتەبێژی داواکاری گشتیی هەرێمی کوردستان دەڵێ ئەمە "هەنگاوێکی پیرۆزە" و ئەو کەسانەی لە مووچەیەك زیاتریان وەرگرتووە، لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.
تائێستا حكومەتی ھەرێمی كوردستان توانیویەتی مووچەی نزیكەی 30 ھەزار مووچەی نایاسایی مووچەخۆران ببڕێت، ئەمەش لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی لەپێناو ھێنانەدی دادپەروەری و زیادكردنی داھات، پرۆسەكەش بەردەوام دەبێت و مووچەی ھەموو ئەو كەسانە دەبڕدرێت، كە زیاتر لە مووچەیەك وەردەگرن یاخود بە نایاسایی خانەنشین بوون.
حاکم بەشدار مەجید، گوتەبێژی داواکاری گشتیی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند "ئەو هەنگاوەی حکومەت سەبارەت بە بڕینی مووچە نایاساییەکان، هەنگاوێکی پیرۆزە. ئێمە، وەکو داواکاری گشتی پشتگیری لێ دەکەین، هەروەها کاردەکەین بۆ ئەوەی ئەوانەی مووچەیەکی نایاسایی، یان دوو مووچە، یان بە هەر شێوازێکی دیکە (مووچەی نایاسایی وەردەگرن) رووبەڕووی یاسا بکرێنەوە".
سەرۆکایەتیی داواکاری گشتی داوای چی دەکات؟
یەکێک لە ئەرکەکانی داواکاری گشتی ئەوەیە: سەروەت و سامانی گشتی بپارێزێت. حاکم بەشدار دەڵێ: وەکو سەرۆکایەتیی داواکاری گشتی، داوادەکەین زۆر بە وردی لەو ناوانە بکۆڵدرێتەوە و ناوی چواری بێت، ئەگەر لەسەر بایۆمەترییە شوێنپەنجە یان بەسمەی چاوە، هەموو بەڵگەکان کۆبکرێنەوە، (دەبێت بزانرێت) چەند مانگ مووچەی وەرگرتووە و واژۆی کردووە لەسەر وەرگرتنی مووچە، یان بە چەک وەریگرتووە، هەموو ئەو بەڵگانە کۆبکرێنەوە و بە ئەمانەتەوە لیکۆڵینەوەیەکی وردیان تێدا بکرێت، بۆ ئەوەی بەپێی یاسا مامەڵە لەگەڵ ئەم حاڵەتەدا بکرێت".
گوتەبێژەکەی داواکاری گشتیی هەرێمی کوردستان هەروەها دەڵێ "پرۆسەکە تەنیا ئەوە نییە مووچەکە ببڕدرێت و خواحافیز، نا دەبێت ئەمانە هەمووی بە وردی کاری لەسەر بکرێت: ئەو کەسە چۆن دامەزراوە؟ کێ دایمەزراندووە؟ لەسەر چ بنەمایەک؟ چەند ساڵە ئەو مووچەیە وەردەگرێت؟ چۆن تائێستا حکومەت لێی ئاگادار نەبووە؟ ئایا بەپێی یاسایەک ریکخراوە؟ هەڵە لە جێبەجێکردنی یاسا هەبووە؟ یان ئایا هەڵە لە جێبەجێکردنی رێنماییەکان هەبووە؟".
جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی و بڕینی مووچەی مووچەخۆرانی نایاسایی، لەكاتێكدایە دۆخی دارایی ھەرێمی كوردستان بەھۆی بڕینی بەشە بودجە لەلایەن بەغدا لە ئاستێكی خراپدایە، چاوەڕێ دەكرێت بە جێبەجێكردنی تەواوی بڕگەكانی یاسای چاكسازی، كاریگەری ئەرێنی لەسەر دۆخی دارایی ھەرێمی كوردستان دروست بكات.
داواکاری گشتی ئامادەیە و بەگوتەی حاکم بەشدار شان بەشانی ئەو لایەنانەی هەڵمەتی چاکسازی بەڕێوەدەبەن، ئەوانیش بەشێکین لەو هەڵمەتە، "بەشێکی سەرەکیشین لە هەڵمەتی چاکسازی و نەهێشتنی گەندەڵی لە هەرێمی کوردستان".
حکومەت دەڵێ ئەوانەی تائێستا دوو مووچە و سێ مووچەیان وەرگرتووە، جگە لەوەی مووچە زیادەکانیان دەبڕدرێت، لێشیان وەدەگیرێتەوە لە مووچەکانی داهاتوودا.
حاکم بەشداریش باس لەوە دەکات ئەو کەسەی مووچەی نایاسایی وەرگرتووە "فێڵی لە حکومەت و دامودەزگاکانی کردووە و دەبێت رووبەڕووی یاسا بکرێتەوە". هەروەها جەخت دەکاتەوە لەوەی "ئێمە چاوەڕێین بزانین بڕیاری حکومەت لەوبارەیەوە چییە؟ داواکاری گشتی بێدەنگ نابێت لە بەهەدەردانی سامانی گشتی، بۆیە پێمان باشە ئەو خەڵکانە رووبەڕووی دادگا بکرێنەوە، چونکە ئەمە فێڵێکە پێش هەموو کەسێک لە حکومەت کراوە و لە سەروەت و سامانی میلەت کراوە".