لە هەولێر شانۆگەری "وشەی نا" نمایش دەکرێت
بەرهەمی تیپی شانۆی ئەکادیمی زانکۆی جیهان، بە هەماهەنگی لەگەڵ گرووپی شانۆی ساد، شانۆگەری "وشەی نا" کە لە دەرهێنانی سدیق حوسێنە، لە هەولێر لە هۆڵی چالاکی قوتابخانەکان نمایش دەکرێت.
چوارشەممە، 11ی ئاداری 2026، سدیق حوسێن دەرهێنەری ئەو شانۆگەرییە بە کوردستان24ی گوت، "ئێمە لەو بارودۆخە نالەبارەدا، یەکەم تیپین لە کوردستان کە شانۆ نمایش دەکەین لە هەولێری پایتەخت، لەکاتێکدا هیچ تیپێک لە هەرچوارپارچەی کوردستان کاری شانۆیی ناکات، ئێمە ئامانجمان هەیە دەمانەوێ لە رۆژی شانۆیی جیهانی، ببینە تاکە تیپ لە کوردستان کە جوڵەی شانۆیی نەوەستێنین و کاروچالاکییە هونەرییەکانی خۆمان ئەنجام بدەین."
سدیق حوسێن گوتیشی، "ئەو شانۆگەرییە بە فەرمی بانگهێشتکراوە لەلایەن فێستیڤاڵی ئامەد لە باکووری کوردستان بۆ مانگی نیسان، هەروەها ئەگەر بارودۆخەکە بەرەو ئاراستەیەکی باشتر بڕوا لە شاروشارۆچکەکان و زانکۆکانی کوردستانیش ئەو شانۆگەرییە نمایش دەکەین، هەروەها تاکە تیپین لەهەر چورپارچەی کوردستان لەو کات و ساتە سەختەدا لە هەولێری پایتەخت نمایشی شانۆیی ئەنجام دەدەین."
ئەو دەرهێنەرە باس لە چیڕۆکی ئەو شانۆگەرییە دەکات و دەڵێت، "هەندێکجار بچووکترین وشە، گەورەترین شۆڕش درووست دەکات، کاتێک مرۆڤ دەڵێت "نا"، ئەوە تەنیا رەتکردنەوەی قسەیەک نییە، بەڵکو راگەیاندنی ئازادییەکەیەتی. "نا" دەنگی ویژدانی مرۆڤە کاتێک بەرانبەر ناداد و فشاری ژیان دەوەستێت. "نا" وشەیەکی بچووکە، بەڵام هێزی زۆر لەناو ئەم وشەیەدا شاراوەیە، ئەم شانۆگەریە باس لە بەتاڵی دەکات لە کایە جۆر بەجۆرەکانی ژیان، ئێمە دێین پەنجە دەخەینە سەر بەتاڵیەکان وەکو، جەستەی بەتاڵ، عەقڵی بەتاڵ، هۆشی بەتاڵ، بەتاڵیەکان زۆرن و وەبیر کۆمەڵگەی دێنینەوە، زۆرجار زۆر گوتنی بەڵێ پێویستی بە نایەکی پێویست و کاریگەر هەیە."
شایەنی باسە، شانۆگەری "وشەی نا" کە لە دەرهێنانی سدیق حوسێنە، هەر یەکە لە ئاواز ئەحمەد و زیاد کەریم و رێشوان ئەحمەد و محەممەد تاهیر، رۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕن و بڕیارە 27ی ئاداری 2026، کە هاوکاتە لەگەڵ رۆژی جیهانی شانۆ، لە هەولێر لە هۆڵی چالاکی قوتابخانەکان نمایش بکرێت.