تەنگژەی حکوومەتی عێراق؛ لە نێوان مەرجەکانی مالیکی و هەڕەشەکانی واشنتندا

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ناو چوارچێوەی هەماهەنگی ئاشکرای دەکات، نووری مالیکی مەرجی قورسی بۆ کشانەوە لە کاندیدکردنی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران داناوە، لە کاتێکدا بزووتنەوەی عەسایب ئەهلی حەق پێداگری لەسەر نوێکردنەوەی متمانە بە محەممەد شیاع سوودانی دەکات بۆ پاراستنی عێراق لە سزاکانی ئەمریکا.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 12ی ئازاری 2026، سەرچاوەیەک لە ناو چوارچێوەی هەماهەنگی بە میدیاکانی راگەیاند، نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، پەیامێکی ئاراستەی لایەنەکان کردووە و تێیدا مەرجی داناوە کە ئەگەر لە کاندیدکردنی بکشێتەوە، نابێت محەممەد شیاع سوودانی یان حەیدەر عەبادی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی داهاتوو کاندید بکرێنەوە، بەڵکو دەبێت کەسایەتییەک بێت کە خۆی رەزامەندی لەسەر بدات.

بەگوێرەی زانیارییەکان، چوارچێوەی هەماهەنگی دابەش بووە بەسەر سێ بەرەدا؛ بەرەی یەکەم کە مالیکی و مەندەلاوی و حوسێن موئنس دەگرێتەوە پێداگری لەسەر کاندیدکردنی مالیکی دەکەن. بەرەی دووەم بە سەرۆکایەتی عەممار حەکیم و قەیس خەزعەلی دژی کاندیدکردنی مالکین و بەرەی سێیەمیش کە هادی عامری و سوودانی دەگرێتەوە، هەوڵی نێوەندگیری و نزیککردنەوەی دیدگاکان دەدەن.

لەلایەکی دیکەوە، محەممەد بەلداوی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی "سادقون"ی سەر بە عەسایب رایگەیاند، پێویستە متمانە بە سوودانی بدرێتەوە، چونکە دۆخی ئابووریی وڵات بەهۆی داخستنی گەرووی هورمز و وەستانی هەناردەی نەوت ناجێگیرە و ناکرێت عێراق بخریتە ناو کێشەی نوێ و رووبەڕووی سزاکانی واشنتن بکرێتەوە، بەتایبەت کە دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی بڕینی هاوکارییەکانی کردووە ئەگەر مالیکی ببێتە سەرۆکوەزیران.

بڕیارە قەیرانی دیاریکردنی کاندیدی سەرۆکوەزیران و پێکهێنانی حکوومەت بۆ دوای پشووی جەژنی رەمزان دوا بخرێت، تاوەکو لایەنە شیعەکان بگەنە رێککەوتنێکی کۆتایی.

ململانێی پێکهێنانی حکوومەتی نوێ لە عێراق لە کاتێکدایە کە وڵاتەکە لە نێوان فشاری ناوخۆیی و دەرەکیدایە. کاندیدکردنی نوری مالیکی لە 24ی کانوونی دووەمی رابردوو، کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە، بەتایبەت لەلایەن لایەنە سوننەکان و هەندێک هێزی شیعە و کارگێڕیی ئەمریکا. لە بەرانبەردا، حکوومەتی ئێستای سوودانی کە وەک حکوومەتی کاربەڕێکەر کار دەکات، رووبەڕووی تەنگژەیەکی دارایی گەورە بووەتەوە بەهۆی پەککەوتنی رێڕەوە ئاوییەکان و گواستنەوەی وزە، ئەمەش وایکردووە بەشێک لە هێزە سیاسییەکان مانەوەی سوودانی بە باشتر بزانن بۆ رێگری لە هەرەسهێنانی زیاتری ئابووریی عێراق.