ماکرۆن: هێرشەکەی سەر هەولێر قبووڵکراو نییە

سەرۆکی فەرەنسا، لە کاردانەوەی کوژرانی سەربازێکی وڵاتەکەی لە هەولێر، بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و جەختی لە بەرگریبوونی سیاسەتی پاریس لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردەوە. هاوکات پەیامێکی توندی ئاراستەی مۆسکۆ کرد و ڕایگەیاند کە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بەهۆی جەنگی ئێرانەوە، بە هیچ شێوەیەک نابێتە هۆی سووککردن یان هەڵگرتنی سزاکانی سەر ڕووسیا، تەنانەت ئەگەر ئەمریکاش هەنگاوی لەو شێوەیە بنێت.

هەینی 13ـی ئاداری 2026، لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئیمانوێل ماکرۆن سەرنجی خستە سەر پێشهاتە مەترسیدارەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕاستەوخۆ باسی لەو هێرشە درۆنییەی ئێران کرد کە بووە هۆی کوژرانی سەربازێکی فەرەنسی لە هەرێمی کوردستان و ڕایگەیاند: هێرشەکەی سەر هەولێر بە هیچ شێوەیەک جێگەی قبووڵ نییە. هەڵوێست و سیاسەتی فەرەنسا لە کەنداو و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆر ڕوونە و تەنیا سیاسەتێکی بەرگرییە بۆ پاڵپشتیکردنی هاوپەیمانەکانمان، وە بە هیچ جۆرێک پاساو ناداتە دەست هیچ لایەنێک بۆ هێرشکردنە سەرمان."

سەرۆکی فەرەنسا دووپاتیشی کردەوە کە وڵاتەکەی نایەوێت تێوەبگلێت لە جەنگ دژی هیچ لایەنێک.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا و سەبارەت بە لێکەوتەکانی جەنگی ئێران لەسەر قەیرانی ئۆکرانیا، سەرۆکی فەرەنسا وەڵامی ئەو هەنگاوەی واشنتنی دایەوە کە بەم دواییە بەشێک لە سزاکانی سەر مۆسکۆی سووک کرد بۆ کۆنتڕۆڵکردنی نرخی نەوت. ماکرۆن گوتی: "ڕەنگە ئەمڕۆ ڕووسیا پێی وابێت کە جەنگی ئێران دەرفەتێک و پشوویەکی پێ دەبەخشێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە مۆسکۆ لەو بڕوایەدا هەڵە دەکات."

هەروەها ئاماژەی بە کۆبوونەوەی وڵاتانی حەوت (G7) کرد کە لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا بەڕێوەچوو، و جەختی کردەوە کە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە ژێر هیچ بارودۆخێکدا نابێت هانمان بدات بۆ پێداچوونەوە بە سیاسەتی سزاکانمان بەرانبەر بە ڕووسیا، وە هیچ پاساوێکیش نییە بۆ هەڵگرتن یان کەمکردنەوەی ئەو سزایانە.

بۆ سەلماندنی پێداگریی پاریس لەسەر سزادانی مۆسکۆ، ماکرۆن ئاشکرای کرد کە ئێستا ئامادەکاری دەکەن بۆ ڕاگەیاندنی پاکێجی بیستەمی سزاکان بەسەر ڕووسیادا. هۆشداری دا کە وڵاتەکەی و هاوپەیمانەکانی بەردەوام دەبن لە ڕووبەڕووبوونەوەی کەشتیگەلی سێبەری ڕووسیا کە مۆسکۆ بۆ خۆدزینەوە لە سزاکان و هەناردەکردنی نەوتەکەی بەکاری دەهێنێت.