سوپای کوەیت: بەهۆی هێرشی درۆنی بۆ سەر بنکەیەکی ئاسمانی 3 سەرباز بریندار بوون

سوپای کوەیت، رایگەیاند، بەهۆی هێرشی دوو درۆن بۆ سەر بنکەی ئاسمانی ئەحمەد جابر، سێ کارمەندی هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی بە سووکی بریندار بوون.

شەممە 14ـی ئاداری 2026، سوپای کوەیت لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: "سیستەمی بەرگری ئاسمانی، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممەوە 7  درۆنی دوژمنکارانەی دەستنیشان کردووە، سێ درۆنیان تێکشکێنراون و دوو درۆنیش لە دەرەوەی ناوچەی مەترسی کەوتوونەتە خوارەوە و هیچ زیانێکیان نەبووە".

لە بەیاننامەکەدا هاتووە: "دوو درۆن بنکەی ئاسمانی ئەحمەد جابریان کردووەتە ئامانج، کە بووەتە هۆی دروستبوونی هەندێک زیانی ماددی لە دەوروبەری بنکەکە، هەروەها سێ کارمەندی هێزە چەکدارەکان بریندار بوون و برینەکانیان سووکە و چارەسەری پێویستیان بۆ کراوە و دۆخی تەندروستییان جێگیرە".

سوپای کوەیت جەختی لە ئامادەیی تەواوی هێزە چەکدارەکان کردەوە بۆ پاراستنی ئاسایشی نیشتمان و پاراستنی سەروەری وڵاتەکەیان.

ئەم راگەیاندارەوەی سوپای کوەیت لە کاتێکدایە، بە هۆی جەنگی نێوان ئێران، ئیسرائیل و ئەمریکا، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەت بەشێک لە وڵاتانی کەنداو رووبەڕووی هێرشی مووشەکی و درۆنی ئێرانی بوونەوەتەوە، لە ئەنجامی ئەو هێرشانەشدا دەیان هاووڵاتی بوونەتە قوربانی و سەدانی دیکەش بریندار بوون.