سوودانی: بۆردوومانکردنی بارەگاکانی هاوپەیمانان لێکەوتەی مەترسیداری بۆ عێراق دەبێت

سەرۆک وەزیرانی عێراق، جەخت لەوە دەکاتەوە کە بڕیاردان لەسەر هەڵگیرسانی جەنگ تەنیا لە دەسەڵاتی دامەزراوەکانی دەوڵەتدایە. هاوکات هۆشداری دەداتە ئەو لایەنانەی هێرش دەکەنە سەر بارەگای نێردە دیپلۆماسییەکان و هێزەکانی هاوپەیمانان، کە کارەکانیان عێراق رووبەڕووی لێکەوتەی مەترسیدار دەکاتەوە و لەلایەن دەوڵەتەوە رووبەڕووی لێپرسینەوە دەبنەوە.

شەممە، 14ـی ئاداری 2026، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، پێشوازیی لە ژمارەیەک لە پیاوانی ئایینی کرد.

بە پێی راگەیەنراوی نووسینەگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، تیشکی خستە سەر ئەوەی کە عێراق ئێستا رووبەڕووی ئاڵنگاریی گەورە بووەتەوە و حکەومەت بە هەماهەنگی لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان هەوڵی تێپەڕاندنیان دەدات.

سەرۆک وەزیران هۆشداری دا لەوەی بازنەی جەنگ فراوان بووە و هەمووان کەوتوونەتە ژێر مەترسییەکی لەناکاوەوە، کە هەڕەشە لە سەرجەم پڕۆژەکانی ژێرخانی ئابووریی ناوچەکە دەکات. 

گوتیشی: "بەهۆی بەردەوامیی پرۆسە سەربازییەکانەوە، رەوشی ئەمنیی ناوچەکە بەرەو خراپتر دەچێت و، دەبێت بزانرێت کە بڕیاری جەنگ تەنیا لە دەسەڵاتی دەوڵەت و دامەزراوەکانییەتی."

سەبارەت بە دۆخی ناوخۆیی و ئەمنی، سوودانی جەختی لەوە کردەوە کە "بۆردومانکردنی بارەگای نێردە دیپلۆماسییەکان و هاوپەیمانان، عێراق رووبەڕووی لێکەوتەی مەترسیدار دەکاتەوە و، دەوڵەت لە رێگەی دامەزراوە دەستوورییەکانییەوە بەردەوام دەبێت لە راوەدوونان و لێپرسینەوە لەو کەسانەی تێوەگلاون لەم کردەوە شەرمەزارکراو و رەتکراوانە."

هاوکات ئاشکراشی کرد، کە "هێزە ئەمنییەکان چەندین پرۆسەیان پووچەڵ کردووەتەوە کە ئامانجیان لێدانی پێگە ئابوورییەکان یان نێردە دیپلۆماسییەکان بووە." لە درێژەی قسەکانیدا باسی لە بەردەوامیی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی عێراق کرد لەگەڵ لایەنە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان بۆ راگرتنی ئەو جەنگە وێرانکەرە، بە تایبەت لە کاتێکدا کە ئێستا عێراق سەرۆکایەتیی لوتکەی عەرەبی دەکات.

سەبارەت بە قەیرانی لوبنانیش، سوودانی رایگەیاند: "دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان و ئاوارەکردنی 900 هەزار هاووڵاتیی لوبنانی، هۆکارێکی دیکەی قووڵبوونەوەی قەیرانەکانی ناوچەکەیە. ئێمە پێویستمان بە گوتارێکە کە پاڵپشتیی ئاشتیی کۆمەڵایەتی بکات و توندوتیژی و توندڕەوی رەت بکاتەوە."

هەروەها رەخنەی زۆر توندی لە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گرت و گوتی: "تاوانبار ناتانیاهۆ ناوچەکەی تێوەگلاندووە لە جەنگێکدا کە پێشینەی نەبووە، تەنانەت سڵ ناکاتەوە لە بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراو و دەستی سوورە بە خوێنی موسڵمانان و بێتاوانان."