رۆژنامەی زە تایمز: بەریتانیا هەزاران سیستەمی دژە درۆن رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات
بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی هاتوچۆی دەریایی و بەرپەرچدانەوەی هەڕەشەکان، حکوومەتی بەریتانیا ئامادەکاری دەکات بۆ رەوانەکردنی هەزاران سیستەمی دژە درۆن و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تایبەت بە دەستنیشانکردنی مین بۆ ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەت بۆ گەرووی هورمز.
رۆژنامەی زە تایمزی بەریتانی لە زاری وەزارەتی بەرگریی وڵاتەکەیەوە ئاشکرای کردووە، لەندەن لەگەڵ هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە سەرقاڵی گفتوگۆی چڕە لەسەر چۆنیەتیی پاراستنی ئاسایشی هاتوچۆی دەریایی و بازرگانی لە گەرووی هورمز. بۆ ئەم مەبەستەش، حکوومەتی بەریتانیا چاوی لەوەیە لە داهاتوویەکی نزیکدا درۆن تایبەت بە دەستنیشانکردنی مین رەوانەی گەرووی هورمز و ئاوەکانی ناوچەکە بکات.
هاوکات و لە پەرەسەندنێکی دیکەی پەیوەست بەم پرسە، رۆژنامەی تەلەگرافی بەریتانی بڵاوی کردووەتەوە؛ بە ئەگەرێکی زۆرەوە لە داهاتوویەکی نزیکدا سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بڕیاری کۆتایی دەدات بە ناردنی بە هەزاران سیستەمی پێشکەوتووی دژە درۆن بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەکە، ئامانجی سەرەکیی ناردنی ئەم سیستەمە بەرگرییانە، بەرپەرچدانەوە و تێکشکاندنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی جۆری شاهیدی ئێرانییە کە لە ناوچەکەدا وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایشی دەریایی و بەرژەوەندییەکانی هاوپەیمانان سەیر دەکرێن.
ئەمەش لە کاتێکدایە رۆژی شەممە 14ـی ئاداری 2026، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، ڕایگەیاندبوو، وڵاتەکەی توانیویەتی ئێران بە تەواوی لە رووی سەربازی و ئابوورییەوە لاواز بکات؛ جەختی لەوە کردبووە، پاراستنی رێڕەوە ئاوییە گرنگەکان دەبوو لە سەرەتاوە هەوڵێکی بەکۆمەڵ بوایە، گوتیشی،"ئەم جۆرە هاوکارییە نێودەوڵەتییە دەبێتە هۆی نزیکبوونەوەی وڵاتانی جیهان و بەدیهێنانی ئاشتی و ئاسایشی بەردەوام".