وەزارەتی دادی عێراق: بۆردوومانەکانی نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا هەڕەشەن بۆ سەر زیندانی داعش
بەهۆی چڕبوونەوەی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکان بۆ سەر بنکەی سەربازیی ڤیکتۆریا لە فڕۆکەخانەی بەغدا، وەزارەتی دادی عێراق هۆشداریی توند دەدات. لە هەمان کاتدا ئاشکرابووە کە گرتووخانەی کەرخی ناوەندی کە دەکەوێتە ناو جەرگەی ناوچەی هێرشەکانەوە، زیاتر لە پێنج هەزار چەکدار و سەرکردەی مەترسیداری داعشی تێدایە، و بەردەوامیی بۆردوومانەکان مەترسیی هەڵاتنی ئەو تیرۆریستانەی لێ دەکرێت.
یەکشەممە 15ـی ئاداری 2026، لە ماوەی کەمتر لە رۆژێکدا، ناوچەکانی دەوروبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا و بەتایبەت بنکەی سەربازیی ڤیکتۆریا رووبەڕووی زنجیرەیەک هێرشی چڕ و سەخت بوونەتەوە. بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا، هێرشەکان گەیشتوونەتە شەش جار و یەکێک لە بۆردوومانەکانی ئەمشەو زۆر سەخت بووە و بووەتە هۆی کەوتنەوەی ئاگرێکی گەورە لە ناو بنکەکەدا، هەرچەندە تا ئێستا بە تەواوی ڕوون نییە کە هێرشەکان تەنیا بە درۆن بوون یان مووشەکیشیان تێدا بەکارهاتووە.
ناوچەی دەوروبەری فڕۆکەخانەی بەغدا چەندین بنکەی هەستیاری تێدایە، لەوانە؛ هێزەکانی لۆجستیی ئەمریکا، بارەگای دەزگای دژەتیرۆری عێراقی، و لە هەمووی گرنگتر زیندانی کەرخی ناوەندی. بەپێی زانیارییەکان، ئەم زیندانە زیاتر لە پێنج هەزار چەکداری مەترسیداری داعشی تێدایە کە پێشتر لە زیندانەکانی رۆژئاوای کوردستان راگیرابوون و دواتر رادەستی عێراق کراونەتەوە. زیندانییەکان پێکهاتوون لە سەرکردە و ئەمیرە باڵاکانی داعش، لەگەڵ چەکداری عێراقی، سووری و بیانی ئەوروپی.
لەسەر ئەم پێشهاتە مەترسیدارانە، ئەحمەد لوعێبی، گوتەبێژی فەرمیی وەزارەتی دادی عێراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاشکرایکرد؛ تەنیا لە کاتژمێر 6:00ی ئێوارەوە شەش هێرش کراونەتە سەر ناوچەکە کە بەشێکیان زۆر نزیک بوون لە گرتووخانەکەوە.
گوتەبێژەکەی وەزارەتی داد هۆشداریی دا و گوتی: کەوتنەخوارەوەی مووشەک و تەقەمەنییەکان و پارچەی درۆنەکان لە نزیک گرتووخانەکە جێگەی نیگەرانییە، ترسی ئەوەمان هەیە کاریگەریی نەرێنی لەسەر پلانە ئەمنییەکانمان هەبێت یان زیان بە ژێرخانی گرتووخانەکە بگەیەنێت.
هەرچەندە وەزارەتی داد دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییان کە رێوشوێنە ئەمنییەکانیان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بۆ پاراستنی زیندانەکە توندوتۆڵن، بەڵام سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن، بوونی ئەو ژمارە زۆرەی سەرکردەکانی داعش لەو ناوچەیەدا کە بەردەوام رووبەڕووی بۆردوومان دەبێتەوە، وەک "بۆمبێکی کاتدار" وایە.
مەترسییە گەورەکە لەوەدایە کە پارچەی مووشەکەکان یان هێرشەکان ببنە هۆی دروستبوونی کەلێنی ئەمنی، زیانگەیشتن بە دیوارەکانی زیندانەکە و دروستبوونی پشێوی، کە ئەمەش ڕەنگە دەرفەتێک بڕەخسێنێت بۆ هەڵاتنی ئەو تیرۆریستە مەترسیدارانە، و هەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەر ئاسایشی عێراق و ناوچەکە دروست بکات.