ئێران، ئەمریکا بە هێرشکردنە سەر وڵاتانی عەرەبی تۆمەتبار دەکات

ئەمڕۆ یەکشەممە، 15ـی ئاداری 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای تۆمەتبار کرد بە دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی (درۆن) بە شێوەی درۆنە ئێرانییەکان و بەکارهێنانیان بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی عەرەبی.

عێراقچی رایگەیاند، تاران ئامادەیە بۆ پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە سەبارەت بەو ئامانجانەی هێرشیان کراوەتە سەر. هاوکات جەختی لەوەش کردەوە، هێرشەکانی ئێران تەنیا بنکە و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکایان لە ناوچەکەدا کردووەتە ئامانج.

وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەش کرد، کۆتاییهێنان بە شەڕ بەستراوەتەوە بە دووبارەنەبوونەوەی، سەرباری پێدانی قەرەبووی دارایی بە وڵاتەکەی. هاوکات گوتیشی، پێشوازی لە هەر هەوڵێکی نێودەوڵەتی دەدەن بۆ راگرتنی شەڕەکە. 

ئەمە لە کاتێکدایە، لە سەرەتای سەرهەڵدانی جەنگی ئێران، لە کۆتایی مانگی رابردوو، سوپای پاسداران مووشەک و درۆن ئاراستەی ئیسرائیل و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی کەنداو و هەرێمی کوردستان و عێراق دەکات.

هێرشەکانی ئێران، ناڕەزایەتیی زۆری هەرێمی و نێودەوڵەتی لێ کەوتووەتەوە و وڵاتان داوا لە بەرپرسانی تاران دەکەن، هێرشە هەرەمییەکانی رابگرێت، چونکە ژیانی هاووڵاتییانی سڤیلی خستووەتە مەترسییەوە و ژێرخانی مەدەنیی وڵاتانی کەنداو دەکاتە ئامانج.