لەندەن.. هونەرمەندێکی کورد بەشداری لە پێشانگەیەکی شێوەکاری هاوبەش کردووە

بەفرین رەشید، خانمە شێوەکاری کورد، لەگەڵ کۆمەڵێک شێوەکاری جیهانی بەشداری لە پێشانگەیەکی شێوەکاری هاوبەش کرد لەژێر ناوی "هێڵە هاوبەشەکان"، کە پێشانگەکە لە لەندەن لە شاری چێڵسی کرایەوە.

شەممە، 14ی ئاداری 2026، بەفرین رەشید، خانمە شێوەکاری کورد بە کوردستان24ی گوت، "پێشانگەی "هێڵە هاوبەشەکان"، وەک پێشانگەیەکی ناوەندی بۆ پێشاندانی کارە داهێنەرییەکانی قوتابیانی خوێندنی باڵا رێکخرا، لەم پێشانگەیەدا ژمارەیەک کاری هونەری و توێژینەوەی داهێنەر پێشان دران، لەلایەن قوتابیان درووست کرابوون و دەربڕی گەشەی فکری و هونەری نسلێکی نوێی هونەرمەندانن، من وەک هونەرمەندێکی کورد لەم پێشانگەیەدا بەچەند تابلۆیەکی هونەری بەشدار بووم."

بەفرین رەشید گوتیشی، ئەم پێشانگەیە هەوڵ دەدات دەرفەتێک بڕەخسێنێت بۆ ناساندنی توانا و داهێنانی قوتابیان، هەروەها بۆ دروستکردنی پەیوەندییەکی زیاتر لە نێوان قوتابیان و  مامۆستایان و کۆمەڵگەی هونەری. کارە نمایش کراوەکان  شێواز و بیرۆکەی جیاواز لەخۆ دەگرن و تیشک دەخەنە سەر ئەزموون و دۆزینەوەی شێوازە نوێکان لە بوارە جیاوازەکانی هونەردا.

ئەو خانمە شێوەکارە باس لە گرنگی کردنەوەی ئەو پێشانگە هاوبەشە دەکات و دەڵێت، پێشانگەکە، هەنگاوێکە بۆ پشتگیریکردن لە گەشەی هونەری قوتابیان و دروستکردنی بوارێک بۆ گفتوگۆ و هاوبەشبوون لە نێوان هونەرمەندان و سەردانکاران دا.

 پێشانگەکە هەروەها دەرفەتێک دەدات بۆ ئەوەی خەڵک لە نزیکەوە ئاگاداری کار و داهێنانی نسلێکی نوێی هونەرمەندان بن."

شایەنی باسە، پێشانگەی "هێڵە هاوبەشەکان"، کە تایبەتە بە پێشاندانی کارە داهێنەرییەکانی قوتابیانی خوێندنی باڵا، 13ی ئاداری 2026، لە لەندەن لە شاری چێڵسی کرایەوە و ماوەی 5 ڕۆژ دەخایەنێت.

بەفرین ڕەشید، خانمە هونەرمەندی شێوەکار، خەڵکی شاری سلێمانییە و لەدەرەوەی وڵات نیشتەجێیە، چەندین پێشانگەی تایبەت و هاوبەشی لە دەرەوەی وڵات کردۆتەوە.