بەشیر حەداد: ئەم هێرشانەی دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان ناحەقییەکی زۆر گەورەن

بەشیر حەداد جەخت لە گرنگیی پاراستنی دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستان دەکاتەوە و ئاماژە بەوە دەدات کە ئەم قۆناغەی ئێستا بە ئاسانی بەدەست نەهاتووە. هەروەها دەشڵێت: ئەم هێرشانەی دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان ناحەقییەکی زۆر گەورەن

یەکشەممە 15می ئاداری 2026، مامۆستا بەشیر حەداد، مامۆستایی ئایینی و جێگریی پێشووتری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان 24، باسی لە دۆخی هەستیاری هەرێمی کوردستان و ناوچەکە کرد و ڕایگەیاند: "هەرێمەکەمان بە ئاسانی نەگەیشتووەتە ئەم ئاستەی کە ئێستا هەیە، بەڵکوو قوربانییەکی زۆری بۆ دراوە تا گەیشتووەتە ئەم قۆناغە ئارامە."

بەشیر حەداد نیگەرانی و هەڵوێستی توندی خۆی نیشاندا بەرانبەر بەو پەلامارانەی ناوە ناوە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان، و دووپاتی کردەوە کە "ئەم هێرشانەی دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان ناحەقییەکی زۆر گەورەن."

سەبارەت بە مەترسییەکانی سەر ناوچەکە و شەڕ و گرژییەکان، داوای لە هاووڵاتییان کرد پەنا بۆ نزا و پاڕانەوە ببەن، بەتایبەتی لە کات و بۆنە ئایینییە پیرۆزەکاندا، و گوتی: "پێویستە هەموو لایەکمان لەم شەوە پیرۆزەدا دوعا بکەین کە وڵاتەکەمان پارێزراو بێت لەو شەڕ و ململانێیانەی کە تەواوی ناوچەکەیان گرتووەتەوە."