سوودانی و محەممەد بن زاید هێرشەکانی سەر کونسوڵخانەی ئیمارات لە هەولێر سەرکۆنە دەکەن
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و شێخ محەممەد بن زاید ئال نەهیان، سەرۆکی ئیمارات، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا دوایین پێشهاتەکانی گۆڕەپانی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد. لەم گفتوگۆیەدا، سەرەڕای جەختکردنەوە لەسەر هەوڵەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، بەتوندی ئیدانەی ئەو هێرشانە کرا کە کرانە سەر کونسوڵخانەی ئیمارات لە شاری هەولێر.
یەکشەممە 15ـی ئاداری 2026، بەپێی راگەیەندراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان محەممەد شیاع سوودانی و شێخ محەممەد بن زاید ئال نەهیان، جەخت لە پێویستیی بەردەوامبوونی هەماهەنگیی هاوبەشی عەرەبی و گرتنەبەری هەنگاوی خێرا لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی کراوەتەوە بەمەبەستی کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان.
هەروەها هەردوولا هاوڕابوون لەسەر کارکردن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ لە زووترین کاتدا، بۆ ئەوەی ناوچەکە لە گرژیی زیاتر و ناسەقامگیری دوور بخرێتەوە.
لە بەشێکی دیکەی پەیوەندییەکەدا، هەردوو سەرکردە بەتوندی رەت کردنەوە و ئیدانەی خۆیان بۆ ئەو هێرشانە دەربڕی کە کرانە سەر کونسوڵخانەی دەوڵەتی ئیمارات لە شاری هەولێر.
هاوکات لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، کە سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکی ئیمارات دووپاتیان کردووەتەوە کە پێویستە هەوڵە دیپلۆماسییەکان چڕبکرێنەوە بۆ راگرتنی کردەوە سەربازییەکان و گەڕانەوە بۆ مێزی گفتوگۆ، وەک تاکە رێگە بۆ چەسپاندنی سەقامگیری لە ناوچەکە و پاراستنی ئاسایش و چارەنووسی گەلەکانیان.