عێراقچی: ئیسرائیل دەبێت لەسەر تاوانەکانی جەنگ سزا بدرێت

عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران، وێنەی دووکەڵێکی چڕی بڵاوکردووەتەوە کە کە ئاسمانی تارانی تەنیوە و بەشێکی شاخی دەماوەندی شاردووەتەوە و دەڵێت "ئیسرائیل بە هێرشکردنە سەر کۆگاکانی سووتەمەنی لە تاران، پێشێلی یاسای نێودەوڵەتی دەکات و دەبێت لەسەر ئەو تاوانانەی ئەنجامیان دەدات، سزا بدرێت".

عێراقچی بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 16ی ئاداری 2026، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی "بۆردومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کۆگاکانی سووتەمەنی لە تاران پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتییە و دەبێتە تێکدانی ژینگە".

هەروا نووسیویەتی بەهۆی ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر وێستگە و کۆگاکانی سووتەمەنی، دانیشتووانی تاران بۆ ماوەیەکی درێژخایەن لە رووی تەندروستییەوە رووبەڕووی زیانێکی زۆر دەبنەوە، جیا لەمەش دەبێتە هۆی پیسبوونی خاک و ئاوی ژێر زەوی، دەکرێت کاریگەری لەسەر نەوەکانی داهاتووش هەبێت.

عێراقچی دەڵێت "ئیسرائیل دەبێت لەسەر ئەو تاوانانەی جەنگ سزا بدرێت".

هەفتەی رابردوو هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل کۆگاکانی سووتەمەنی تارانیان کردە ئامانج، دوای هێرشەکان دووکەڵێکی رەشی چڕ ئاسمانی شارەکەی تەنی و رێکخراوی تەندروستیی جیهانی سەبارەت بە سەرهەڵدانی دیاردەی "بارانی رەش" لە ئێران هۆشدریدا، کە بەهۆی تێکەڵبوونی دڵۆپە باران لەگەڵ پاشماوەی سووتەمەنی و پاشماوە نەوتییەکان دوای هێرشە ئاسمانییەکان دروست دەبێت، مەترسییە ژینگەیی و تەندروستییەکان لە ناوچەکەدا روویان لە زیادبوون کردووە، بەتایبەت لە ئەگەری سەرهەڵدانی کێشەی کۆئەندامی هەناسە بۆ هاووڵاتییان.