تورکیا کۆنترۆڵی %65ـی بازاڕی درۆنە سەربازییەکانی جیهانی کردووە

وەزیری پیشەسازی و تەکنەلۆژیای تورکیا، محەممەد فاتیح کاجر رایگەیاند، تورکیا لە ئێستا بووەتە یەکێک لە پێشەنگترین و ئەزمووندارترین وڵاتانی جیهان لە بواری تەکنەلۆژیای سیستەمە درۆنییەکان.

محەممەد فاتیح لە لێدوانێکدا ئاشکرای کرد، وڵاتەکەی نزیکەی %65ـی بازاڕی فڕۆکە بێفڕۆکەوانە سەربازییەکانی جیهانی بەدەستەوەیە و بەشێکی زۆری ئەم سەرکەوتنەش بۆ بەرهەمەکانی کۆمپانیای "بایکار" دەگەڕێتەوە.

وەزیرەکەی تورکیا ئاماژەی بەوەشکرد، پیشەسازییە بەرگرییەکانی وڵاتەکەی لە گەشەسەندنی خێرادان و هەموو چەند هەفتەیەک بەرهەمێکی نوێ و داهێنەرانە دەخەنە بازاڕەوە، جەختیشی کردەوە، ئەنقەرە لە قۆناخی داهاتوودا ئامانجیەتی تواناکانی لە بوارەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، مووشەک و سیستەمەکانی رادار زیاتر پێشبخات و ئاستی بەرهەمهێنانیان بەرز بکاتەوە.

سەبارەت بە توانای مووشەکی، محەممەد فاتیح رایگەیاند، تورکیا نزیکەی دوو دەیەیە کار لەسەر بەرنامەی مووشەکی نیشتمانی دەکات و ئێستا بەروبوومی ئەو هەوڵانە دەچنێتەوە، باسی لەوەشکرد، پڕۆژەیەکی پێشکەوتوویان هەیە بۆ پەرەپێدانی موشەکێک بە مەودای 2000 کیلۆمەتر کە گەیشتووەتە قۆناخی کۆتایی.

لە کۆتایی قسەکانیدا، وەزیرەکە جەختی لە سیاسەتی وڵاتەکەی کردەوە و گوتی، "تورکیا ئاشتیخوازە، بەڵام بۆ پاراستنی ئەو ئاشتییە پێویستە خاوەن هێزێکی بەرگریی بەهێز بین."