سوپای ئیسرائیل دەستی بە ئۆپەراسیۆنی زەمینی لە لوبنان کرد
ئەمڕۆ دووشەممە 16ـی ئاداری 2026، سوپای ئیسرائیل لە رێگەی راگەیەنراوێکەوە لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، هێزەکانی فیرقەی 91ـی سوپاکەیان دەستیان بە ئۆپەراسیۆنێکی زەمینیی دیاریکراو لە باشووری لوبنان کردووە.
بەپێی راگەیەنراوەکەی سوپای ئیسرائیل، لە چەند رۆژی رابردوودا هێزەکانی فیرقەی 91 ئۆپەراسیۆنێکی زەمینیی سنوورداریان دەستپێکردووە و تێیدا چەند پێگەیەکی سەرەکی لە باشووری لوبنان دەکەنە ئامانج، ئەمەش لە چوارچێوەی ئەرکێکدایە بە مەبەستی فراوانکردنی بازنەی بەرگریی پێشەکی.
لە راگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، ئۆپەراسیۆنەکە پێکهاتووە لە لەناوبردنی ژێرخانی ئەو گرووپانەی سوپای ئیسرائیل بە تیرۆریست ناویان دەبات، هەروەها بۆ لەناوبردنی چەکدارەکانی ناوچەکەیە بە ئامانجی دوورخستنەوەی مەترسییەکان و دروستکردنی پشتێنەیەکی ئەمنیی زیاتر بۆ دانیشتووانی باکووری ئیسرائیل.
سوپای ئیسرائیل روونیشی کردەوە، پێش چوونە ناوەوەی هێزە زەمینییەکان، سوپای بەرگری لە رێگەی هێزەکانی تۆپخانە و هێزی ئاسمانییەوە ژمارەیەک ئامانجی لە ناوچەکە بۆردوومان کردووە بۆ کەمکردنەوە و دوورخستنەوەی مەترسییەکان.
لە بەشێکی دیکەی هەواڵەکەدا هاتووە، هێزەکانی فیرقەی 91 لە پاڵ هەوڵە هێرشبەرییەکانیاندا، هاوشانی هێزەکانی فیرقەی 146 بەردەوامن لە جێبەجێکردنی ئەرکی بەرگریکردن لە شارۆچکەکانی ناوچەی جەلیل.
لە کۆتایی راگەیەنراوەکەدا سوپای ئیسرائیل جەختی لەوە کردەوە، بەهێزییەوە بەردەوام دەبێت لە ئۆپەراسیۆنەکانی دژی حیزبوڵڵای لوبنانی بەهۆی ئەوەی بڕیاریداوە بچێتە نێو شەڕەکەوە و لەژێر چاودێریی ئێراندا کار دەکات، هەروەها هۆشداری دەدات، رێگە نادرێت هیچ زیانێک بە هاووڵاتییانی دەوڵەتی ئیسرائیل بگات.
ئەمە لە کاتێکدایە، لە سەرەتای سەرهەڵدانی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی ئێران، حزبوڵڵای لوبنانی هاتووەتە نێو جەنگەکە و رۆژانە بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان (درۆن) و مووشەک، باکووری ئیسرائیل بۆمباران دەکات.
حزبوڵڵای لوبنانی رایەگەیاندووە، هێرشەکانیان وەک وەڵامێکە بۆ هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و بەردەوام دەبن لە پشتیوانیکردنی تاران.