ئیسماعیل بەقایی: گەرووی هورمز بەتەواوی دانەخراوە و بەمەرج کراوەیە
ئەمڕۆ دووشەممە، 16ـی ئاداری 2026، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، گەرووی هورمز بەتەواوی دانەخراوە، گوتیشی، هاتوچۆی کەشتییەکان، بە مەرجی تایبەت، رێگەپێدراون جگە لەو کەشتی و بەلەمانەی کە دوژمنی ئێرانن.
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە لیدوانێکی رۆژنامەوانیدا گوتی، "ئەمریکا، ئیسرائیل و لایەنگرانیان ناتوانن بۆ زیانگەیاندن بە ئێرانن سوود لە گەرووی هورمز وەربگرن"، دەشڵێت، ئەم بنەمایە گونجاوە لەگەڵ یاسای نێودەوڵەتی.
ئیسماعیل بەقایی باسی لەوەشکرد، ئەو لایەنانەی بەشداریی لە دەستدرێژیی سەربازی بۆ سەر ئێران ناکەن، دەتوانن دوای هەماهەنگی و وەرگرتنی مۆڵەت لە هێزە چەکدارەکانی ئێران، بە گەرووەکەدا تێپەڕن، جەختیشی کردەوە، هەر لە سەرەتاوە داوایان لە وڵاتانی ناوچەکە کردووە خاکی خۆیان بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکار نەهێنن.
بەقایی روونی کردەوە، هاتوچۆی کەشتییەکان بەشێوەیەکی سەلامەت و بەپێی مەرجی دیاریکراو ئەنجام دەدرێت، کە ئامانج لێی پاراستنی ئاسایشی ئێران و رێگریکردنە لە هەر کردارێکی دوژمنکارانە، هەروەها بەکارهێنانی گەرووەکە لەلایەن هێزەکان یان کەشتییە دوژمنکارەکانەوە قەدەخەیە.
لەو چوارچێوەیەدا، داخستنی کردەیی گەرووەکە لەلایەن تارانەوە، وەک وەڵامێک بۆ هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، بووەتە هۆی پشێوییەکی گەورە لە دابینکردنی وزە و بازرگانیی جیهانی و بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی نەوت.
بە گوتەی ئورسولا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا، لە ماوەی 10 رۆژی یەکەمی جەنگدا، نرخی گاز لە یەکێتیی ئەوروپا %50 و نرخی نەوت %27 بەرزبووەتەوە.