کۆشکی سپی: هێرشەکانی ئێران 90% کەم بوونەتەوە
گوتەبێژی کۆشکی سپی رایدەگەیەنێت، زیاتر لە 7000 ئامانجی سەربازییان لە ئێران پێکاوە و سەرۆکی ئەمریکا لە هەوڵەکانی بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز بەردەوامە.
ئەمڕۆ دووشەممە 16ی ئاداری 2026 کارۆلاین لیڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ چەندین سەرکردەی وڵاتان سەبارەت بە پرسی گەرووی هورمز گفتوگۆی کردووە. لەم چوارچێوەیەدا داوا لە هاوپەیمانەکانیان لە ناتۆ دەکەن دەستوەردان بکەن و بەشداری لە کردنەوەی گەرووەکەدا بکەن.
گەرووی هورمز رێڕەوێکی ئاویی تەسکە لە نێوان ئێران و عومان، سەدا 20ی دابینکردنی نەوتی جیهانی بەناویدا تێدەپەڕێت.
گوتەبێژی کۆشکی سپی ئاماژەی بەوە کرد، ئەمریکا بەردەوامە لە لاوازکردنی توانای سەربازیی ئێران و هێزی دەریایی ئەو وڵاتە لەناو دەبەن. روونیشی کردەوە، هێرشەکانی هێزی دەریایی ئێران بە رێژەی 90% پاشەکشەیان کردووە.
لەلایەکی دیکەوە کارۆلاین لیڤیت ئەوەشی خستە روو، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 7000 ئامانجی سەربازییان لە ناوخۆی ئێران کردووەتە ئامانج.
لە کۆتایی قسەکانیدا رایگەیاند، سەرۆکی ئەمریکا سەرنجی تەواوی خستووەتە سەر بەردەوامبوونی سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنی (تووڕەیی داستانئاسا) دژی ئێران.