کەمیی بەنزین بەرۆکی بەغدای گرتەوە
کەمیی بەنزین لە شاری بەغدا سەری هەڵداوەتەوە و شۆفێران چەندین کاتژمێر لە نۆرەدا دەوەستن. شارەزایان ئەم دۆخە بۆ شکستی رێکارە ئابوورییەکان و لاوازیی بەڕێوەبردن دەگەڕێننەوە، هاوکات بەرپرسانیش تا ئێستا بێدەنگن.
جارێکی دیکە تەنگژەی سووتەمەنی و بەتایبەت بەنزین لە شاری بەغدای پایتەخت سەری هەڵداوەتەوە، ئەمەش بووەتە بەشێک لە گرفتە رۆژانەکانی ژیانی هاووڵاتییانی عێراق.
لەبەردەم زۆربەی وێستگەکانی سووتەمەنی ریزێکی درێژی ئۆتۆمبێل دەبینرێت و بەشێک لە وێستگەکانیش بە تەواوی داخراون، ئەم دۆخەش نیگەرانی و بێزارییەکی زۆری لای شۆفێران دروست کردووە.
بەپێی گوتەی هاووڵاتییانی شارەکە، تەنگژەکە لە یەکەم رۆژی جەژنەوە دەستی پێکردووە. گەنجێک لە بەغداوە رایگەیاند، لە یەکەم رۆژی جەژنەوە وێستگەکانی بەنزین داخراون، تەنانەت ئەو گەشتیارانەی لە هەرێمی کوردستانەوە هاتبوونە بەغدا تووشی کێشە بوون. تا ئێستاش هۆکاری داخرانی وێستگەکان نازانین و بەشێکیان هێشتا بەنزینیان تێدا نییە.
هاووڵاتییەکی دیکە لەناو ئۆتۆمبێلەکەیدا چاوەڕێی سەرەی بەنزین بوو، ئاماژەی بەوە دا، تەنگژەکان لەسەر هاووڵاتییان بەردەوامن و زیانمەندی یەکەمین، روونیشی کردەوە، تاوانی من چییە دەبێت چەندین کاتژمێر لە سەرەدا بوەستم، تەنیا بۆ ئەوەی 20 بۆ 25 لیتر بەنزینم دەست بکەوێت؟
لە بەرانبەردا، شارەزایانی ئابووری هۆکاری دووبارەبوونەوەی ئەم تەنگژانە بۆ شکستی رێکارە ئابوورییەکان و لاوازیی بەڕێوەبردنی وڵات دەگەڕێننەوە. عەبدولکەریم خەفاجی، شارەزای ئابووری، رایگەیاند، لایەنە پەیوەندیدارەکان نەیانتوانیوە بە شێوەیەکی کارا پاڵاوگەکان بەگەڕ بخەن بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییە ناوخۆییەکان.
خەفاجی رەتی دەکاتەوە تەنگژەکە هیچ پەیوەندییەکی بە رووداوەکانی گەرووی هورمزەوە هەبێت، ئەوەشی خستە روو، پێویستە سەرنج بخرێتە سەر پیشەسازیی ناوخۆیی، بەڵام جێگەی داخە رێکارە ئابوورییەکانی ئێستای عێراق شێواو و نازانستین.