یەکەمین پێشانگای کتێبی کوردی لە هەولێر کرایەوە
ئەمڕۆ لە هەولێر، یەکەمین پێشانگای کتێبی کوردی بە بەشداریی 30 ناوەندی چاپ و بڵاوکردنەوە و بە دروشمی "بە کوردی نووسین و بە کوردی هزرین" کرایەوە. پێشانگاکە کە تاوەکو 10ی حوزەیران بەردەوام دەبێت، زیاتر لە 10 هەزار ناونیشانی جیاواز و نزیکەی 1 ملیۆن کتێبی کوردی بۆ خوێنەران فەراهەم کردووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 4ی حوزەیرانی 2026، بە ئامادەبوونی بەرپرسانی حکوومی و حزبی و ژمارەیەکی بەرچاو لە نووسەران و رۆشنبیران، یەکەمین پێشانگای کتێبی کوردی لە پێشانگای نێودەوڵەتیی هەولێر دەرگای بە رووی کتێبدۆستاندا واڵا کرد. ئەم پێشانگایە لە 4ی حوزەیران تاوەکو 10ی حوزەیرانی 2026 بەردەوام دەبێت و وەک ناوەندێکی گرنگی کۆکەرەوەی بەرهەمە ئەدەبی و زانستییەکانی کورد لێی دەڕوانرێت.
ئەمساڵ بەهۆی بارودۆخی ناوچەکەوە پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێب لە هەولێر رێکنەخرا، بەڵام لەبەر ئەوەی هەولێر هەمیشە وەک مەڵبەندی رۆشنبیران ماوەتەوە، بڕیار درا ئەم پێشانگایە بە شێوەیەکی تایبەت بۆ کتێبی کوردی بکرێتەوە. لەم پێشانگایەدا تەنیا ئەو کتێبانە نمایش کراون کە بە زمانی کوردی نووسراون و بەرهەمی نووسەرانی هەر چوار پارچەی کوردستانە کە لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن.
رێکخەرانی پێشانگاکە ئاماژە بەوە دەدەن کە نزیکەی یەک ملیۆن کتێبی کوردی لە پێشانگاکەدا بەردەستە، کە زیاتر لە 10 هەزار ناونیشانی جیاواز لەخۆ دەگرێت. بابەتەکان هەمەجۆرن و هەموو بوارەکانی وەک (سیاسی، ئایینی، مێژوویی، کۆمەڵایەتی و ئابووری) بە هەموو زاراوە جیاوازەکانی زمانی کوردی دەگرێتەوە.
ئەم چالاکییە کولتوورییە دەرفەتێکی زێڕینە بۆ خوێنەران تاوەکو لە نزیکەوە ئاشنای نوێترین بەرهەمەکانی نووسەرانی کورد بن و پاڵپشتییەک بێت بۆ بزووتنەوەی نووسین و چاپ و بڵاوکردنەوە بە زمانی دایک.