ئیمارات تێکشکاندنی چەندین هێرشی موشەکی و درۆنی لە لایەن ئێرانەوە رادەگەیەنێت

ئەمرۆ سێشەممە، 17ـی ئاداری 2026، دەسەڵاتدارانی ئیمارات رایانگەیاند؛ سیستەمی بەرگریی ئاسمانی وڵاتەکەیان رووبەڕووی چەند هێرشێکی موشەکی و درۆن بووەتەوە کە لە خاکی ئێرانەوە ئاراستە کرابوون.

وەزارەتی بەرگریی ئیمارات لە بەیاننامەیەکدا لە رێگەی هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "X" بڵاویکردەوە: "بەرگریی ئاسمانی ئیمارات لە ئێستادا مامەڵە لەگەڵ هێرشی موشەکی و درۆنەکان دەکات کە لە ئێرانەوە هاتوون." وەزارەتەکە روونکردنەوەی دا، ئەو دەنگە بەرزانەی لە ناوچە جیاجیاکانی دەوڵەت بیستراون، دەرەنجامی تێکشکاندنی موشەکە بالیستییەکان بووە لەلایەن سیستەمی بەرگریی ئاسمانی، و تێکشکاندنی درۆنەکان بووە لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانەوە.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، نووسینگەی راگەیاندنی حکوومەتی فۆجەیرە رایگەیاند؛ بەهۆی هێرشی درۆنەوە ئاگرێک لە ناوچەی پیشەسازییە نەوتییەکانی فۆجەیرە کەوتووەتەوە. لایەنە پەیوەندیدارەکان جەختیان کردەوە، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە کۆنتڕۆڵی دۆخەکەیان کردووە و رووداوەکە هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە.

ئەم هێرشانە دوای ئەوە دێن رۆژی دووشەممە، نووسینگەی راگەیاندنی ئەبوزەبی رایگەیاندبوو؛ بەهۆی کەوتنەخوارەوەی موشەکێک بۆ سەر ئۆتۆمبێلێکی مەدەنی لە ناوچەی باهیە، کەسێکی فەڵەستینی گیانی لەدەستداوە. لایەنە ئەمنییەکان دەستبەجێ گەیشتبوونە شوێنی رووداوەکە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ شوێنەوارەکانی هێرشەکە.