کوەیت 16 کەسی بە تۆمەتی سیخوڕی دەستگیر کرد

ناسر بوسلیب، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی کوێت رایگەیاند، 16 کەسی کوەیتی و لوبنانییان بە تۆمەتی پەیوەندییان بە حزبوڵڵای لوبنانییەوە دەستگیر کردووە. 

وەک ئەوەی گوتەبێژەکە باسی کرد، لێکۆڵینەوە ئەمنییەکان و بەدواداچوونەکان دەریانخستووە، پلانێکی رێکخراو لە پشت چەکدارە تیرۆریستییەکانە. ئامانجی گروپەکە تێکدانی سەقامگیری و دروستکردنی پشێوی بووە لە وڵاتدا. 

ناسر بوسلیب، ئاماژەی بەوەش کرد، دەست بەسەر کۆمەڵێک ئامێر، چەک و پێداویستی سەربازی بۆ مەبەستی تیرۆرکردن گیراوە. هەروەها دەستبەسەرداگرتنی ژمارەیەک درۆن، ئاڵای رێکخراوە تیرۆریستییەکان، نەخشە، ماددەی هۆشبەر، پارە و چەکی تایبەت بۆ راهێنانی سەربازیی راگەیاند.

گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی کوێت ئەوەشی خستە روو، لێکۆڵینەوەکان بۆ تەواوکردنی رێکارە یاساییەکان بەرانبەر هەر کەسێک لە تۆمەتبارەکان بەردەوامن. ئەوان لە ماوەیەکی نزیکدا رەوانەی داواکاری گشتی دەکرێن بۆ کۆتاییهێنان بە قۆناغەکانی لێکۆڵینەوە. هێزە ئەمنییەکان بەدوای کەسانی دیکەی تێوەگلاو لەو گروپە تیرۆریستییە دەگەڕێن.

ئەم پێشهاتە ئەمنییە لە کاتێکدایە، ناوچەکە لە ناوەڕاستی جەنگێکی سەختدایە لە نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران و گرووپە چەکدارەکانی. دوای دەستپێکردنی ئەم جەنگە، کوێت بووەتە یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکان و رۆژانە لە لایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە بە مووشەک و درۆن هێرشی دەکرێتە سەر.

 ئەم هێرشانە زیانی زۆریان بە ژێرخانی وزە و دامەزراوە نەوتییەکانی کوێت گەیاندووە. حکوومەتی کوێت دەستگیرکردنی ئەم 16 کەسە وەک هەوڵێک بۆ رێگریکردن لە دروستبوونی "بەرەی ناوخۆیی" لە بەرژەوەندی تاران دەبینێت. وڵاتانی ئەمریکا و ئیسرائیل پێشتر هۆشدارییان دابوو، ئێران هەوڵی چالاککردنی خانە نۆستووەکانی لە وڵاتانی کەنداو دەدات بۆ تێکدانی باری تەناهی و گوشارخستنە سەر هاوپەیمانانی واشنتن لە ناوچەکەدا.