میدیاکانی ئیسرائیل: شەوی رابردوو عەلی لاریجانی کرایە ئامانج و ئێرانیش رەتیدەکاتەوە

ئەمڕۆ سێشەممە، 17ـی ئاداری 2026، دوای هێرشێکی چڕی شەوی رابردوو، چارەنووسی عەلی لاریجانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران بووەتە جێی باسی میدیاکانی ناوچەکە و جیهان، لەکاتێکدا زانیارییەکان لەبارەی سەلامەتی یان گیانلەدەستدانی ناوبراو دژبەیەک و ناروونن.

میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە، شەوی ڕابردوو لە ئۆپەراسیۆنێکی ورد و چڕدا، عەلی لاریجانی و ژمارەیەک سەرکردەی دیکەی باڵا کراونەتە ئامانج. بەگوێرەی هەمان سەرچاوەکان، گومانەکان لەسەر کوژرانی لاریجانی تا دێت زیاتر دەبن، چونکە بەهۆی قورسی هێرشەکەوە "هیچ دەرفەتێک بۆ رزگاربوونی کەسانی ناو شوێنە ئامانجکراوەکە نەبووە".

لە بەرامبەردا، ئاژانسە هەواڵییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران هەوڵ دەدەن ئەو گومانانە بڕەوێننەوە. ئاژانسی "میهر"ی ئێرانی لە هەواڵێکیدا رایگەیاند؛ بڕیارە پاش کەمێکی دیکە عەلی لاریجانی پەیامێکی تایبەت بڵاوبکاتەوە. ئەم هەنگاوەی تاران وەک هەوڵێک بۆ سەلماندنی زیندووبوونی لاریجانی و وەڵامدانەوەی بانگەشەکانی میدیای ئیسرائیل لێکدەدرێتەوە.

تا ئێستا هیچ لایەنێکی فەرمی لە تاران یان تەلئەڤیڤ بە شێوەیەکی کۆتایی هەواڵی کوژرانی ئەو سەرکردە ئێرانییەیان پشتڕاست نەکردووەتەوە و چاوەکان لەسەر ئەو پەیامەیە کە بڕیارە لە تارانەوە بڵاوبکرێتەوە.