دوای راگەیاندنی کوژرانی؛ نامەیەکی لاریجانی بڵاوکرایەوە
چەند خولەکێک دوای ئەوەی وەزیری بەرگریی ئیسرائیل کوژرانی عەلی لاریجانی راگەیاند؛ هەژمارێکی سەر بەو بەرپرسە ئێرانییە لە پلاتفۆرمی "ئێکس" نامەیەکی دەستنووسی بێ بەرواری بڵاوکردەوە و تێیدا پرسە و سەرەخۆشی بۆ کوژراوانی هێزی دەریایی ئێران دەردەبڕێت.
لە دەقی نامەکەی لاریجانیدا هاتووە: "شەهیدبوونی پاڵەوانانی هێزی دەریایی سوپای کۆماری ئیسلامی لە (دێنا)، بەشێکە لە قوربانیدانی ئەم گەلە دڵسۆزە لە گەرمەی ئەم ململانێیەدا دژی ستەمکارانی نێودەوڵەتی. یاد و یادەوەرییان هەمیشە لە دڵی گەلی ئێراندا دەمێنێتەوە، هەروەها ئەم شەهیدبوونە بنەماکانی سوپا بۆ ساڵانێکی درێژ لەناو هێزە چەکدارەکاندا بەهێزتر دەکات."
پێش بڵاوبوونەوەی نامەکە، یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، لە هێرشەکانی شەوی رابردوویان بۆ سەر تارانی پایتەخت، هەریەک لە عەلی لاریجانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران و غولامڕەزا سولەیمانی، فەرماندەی هێزەکانی بەسیج کوژراون.
پێشتر ئەمریکا بڕی 10 ملیۆن دۆلاری وەک خەڵات دیاری کردبوو بۆ هەر زانیارییەک لەسەر لاریجانی. تا ئێستا حکوومەتی ئێران هیچ راگەیەنراوێکی فەرمیی لەسەر چارەنووسی لاریجانی و فەرماندەی هێزەکانی بەسیج بڵاو نەکردووەتەوە و تەنیا بێدەنگیی هەڵبژاردووە.