بەڕێوەبەری ناوەندی نیشتمانیی دژەتیرۆری ئەمریکا بەهۆی جەنگی ئێران دەستی لەکار کێشایەوە

بەڕێوەبەری ناوەندی نیشتمانیی دژەتیرۆری ئەمریکا (NCTC)، لە نامەیەکدا کە ئاراستەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای کردووە، بە فەرمی دەستلەکارکێشانەوەی خۆی راگەیاند. کێنت هۆکاری دەستلەکارکێشانەوەکەی بۆ دژایەتیکردنی جەنگی ئەمریکا لە دژی ئێران دەگەڕێنێتەوە و ڕایدەگەیەنێت کە ئەو جەنگە بەهۆی فشاری ئیسرائیلەوە دروست بووە.

سێشەممە 17ـی ئاداری 2026، جۆزێف کێنت، بەڕێوەبەری ناوەندی نیشتمانیی دژەتیرۆری ئەمریکا (NCTC)، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) لە نامەی دەستلەکارکێشانەوەکەی بڵاو کردووەتەوە، تێیدا جۆزێف کێنت رەخنەی توند لە سیاسەتی ئێستای کۆشکی سپی دەگرێت و دەڵێت: "بە ویژدانێکی ئاسوودەوە ناتوانم پشتگیری لەم جەنگەی ئێستای ئێران بکەم. ئێران هیچ هەڕەشەیەکی دەستبەجێ نەبوو بۆ سەر نەتەوەکەمان، و زۆر روونە کە ئێمە ئەم جنگەمان بەهۆی فشاری ئیسرائیل و لۆبییە بەهێزەکەیانەوە لە ئەمریکا دەستپێکردووە."

کێنت لە نامەکەیدا ستایشی سیاسەتەکانی خولی یەکەمی سەرۆکایەتی ترەمپ دەکات کە چۆن خۆی لە جەنگە بێکۆتاکان بەدوور گرتووە، بەڵام ئاماژە بەوە دەکات کە لەم خولە نوێیەدا، بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل و کەسایەتییە کاریگەرەکانی میدیای ئەمریکی هەڵمەتێکی چەواشەکارییان بەڕێوەبردووە بۆ فریودانی سەرۆکی ئەمریکا.

ئەو بەرپرسە باڵایەی دژەتیرۆر دەڵێت: "ئەوان وایان لێکردیت باوەڕ بکەیت ئێران هەڕەشەیەکی خێرایە و دەبێت لێی بدەیت. ئەمە درۆ بوو، وە هەمان ئەو تاکتیکەیە کە ئیسرائیلییەکان بەکاریانهێنا بۆ راکێشانی ئێمە بۆ ناو جەنگە کارەساتبارەکەی عێراق کە گیانی هەزاران گەنجی ئەمریکی تێدا بووە قوربانی.

لە ڕووی کەسییەوە، جۆزێف کێنت باس لە رابردووی سەربازیی خۆی دەکات وەک سەربازێکی دێرین کە 11 جار بەشداری جەنگی کردووە، هەروەها وەک کەسێک کە هاوسەرەکەی لە جەنگێکدا لەدەستداوە کە بە گوتەی ئەو ئیسرائیل دروستی کردووە؛ هاوکات رەتی دەکاتەوە پشتگیری لە ناردنی نەوەیەکی نوێی ئەمریکییەکان بکات بۆ جەنگێک کە هیچ سوودێکی بۆ گەلی ئەمریکا نییە.

کێنت داوا لە سەرۆک ترەمپ دەکات پێداچوونەوە بە بڕیارەکانیدا بکات سەبارەت بە ئێران و رێڕەوی وڵاتەکە ڕاست بکاتەوە، بەر لەوەی ئەمریکا بەرەو "داڕمان و ئاژاوەی زیاتر" هەنگاو بنێت.