پارتی: کۆبوونەوەی ئەمشەوی پەرلەمانی عێراق پێچەوانەی رێوشوێنەکانی یاسادانانە
فراسکیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی ئەمشەوی پەرلەمانی عێراق، بە پێچەوانەی رێوشێنەکانی یاسادانان وەسف کرد و داوای لە هەیبەت حەلبووسیش کرد، لە پێناو پاراستنی شکۆ و متمانەی دامەزراوەی یاسادانان، بە پەیڕەوی ناوخۆ پابەند بێت.
سێشەممە، 17ـی ئاداری 2026، فراسکیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، لە بارەی کۆبوونەوەی ئەمشەوی پەرلەمان کە بڕیارە کاتژمێر 9 بەڕێوە بچێت، راگەیەنراوێکی بڵاو کردەوە.
لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، فراکسیۆنی پارتی بەشداری ئەو کۆبوونەوەیە ناکات، کە بڕیارە ئەمشەو بەڕێوە بچێت، بەهۆی ئەوەی کە خشتەی کارەکەی بەبێ رەزامەندی سەرۆکایەتیی پەرلەمان دانراوە، ئەمەش پێچەوانەی ماددەکانی (9) و (37) پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانە.
فراکسیۆنی پارتیی پەرلەمانی عێراق دووپاتی کردەوە، کە ئەم کۆبوونەوەیە بە شێوەی ئێستای پێچەوانەی رێوشوێنەکانی یاسادانانە.
هاوکات داوای لە هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کرد، لە پێناو پاراستنی شکۆ و متمانەی دامەزراوەی یاسادانان، بە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان پابەند بێت.
لای خۆیەوە فەرهاد ئەترووشی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئێوارەی ئەمڕۆ، لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دابوو، لە پەرلەمانتاران و فراکسیۆنەکانی پەرلەمان شاراوە نییە، دانانی خشتەی کارنامەی کۆبوونەوە، بە گوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی عێراق دەبێت لەسەر بنەمای رێککەوتنی نێوان سەرۆکی پەرلەمان و هەر دوو جێگرەکەی بێت، بۆیە پابەند نەبوون بەم بنەمایە پێشێلکاری یاسای پەرلەمان و پەیڕەوی ناوخۆیە، کە بە داخەوە تاوەکوو ئێستا چەند جارێکی ئەم لە یاسا دەرچوونە روویداوە".
ئەمەش لە کاتێکدایە، شێروان دووبەردانی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ی راگەیاندبوو، ئەوان وەکوو فراکسیۆنی پارتی بەشداری کۆبوونەوەی ئەمشەوی پەرلەمانی عێراق ناکەن، چونکە کۆبوونەوەکە نایاساییە و جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان لەسەر کۆبوونەوەکە رەزامەند نەبووە.
بڕیارە ئەمشەو پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە هەناردەی نەوتی عێراق بکات و داوای کردووە هەردوو وەزیری نەوتی عێراق و سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان ئامادە بن.