سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا: هێرشەکانی سەر عێراق بێ پاساو و قبووڵنەکراون

ئورسولا ڤۆندێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، تاوتوێی دۆخی ئەمنیی ناوچەکەی کرد و ستایشی هەڵوێستی حکوومەتی عێراقی کرد بۆ ددانبەخۆداگرتن و بە دوور گرتنی وڵاتەکە لە جەنگ، هاوکات سەرەخۆشی بۆ قوربانیانی هێرشەکانی سەر خاکی عێراق دەربڕی.

سێشەممە 17ـی ئاداری 2026، ئورسولا ڤۆندێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجام داوە و تێیدا گفتوگۆیان لەبارەی دۆخی ئەمنیی ئێستای عێراق و ناوچەکە کردووە.

ڤۆندێر لاین دەڵێت: "سوپاسی سەرۆکوەزیرانم کرد بۆ هاندانی دانبەخۆداگرتن لەم ساتە سەختەدا و هێشتنەوەی وڵاتەکە لە دەرەوەی بازنەی جەنگ."

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا ئاماژەی بە بۆردوومانەکانی ئەم دواییەی سەر عێراق کردووە و نووسیویەتی: "پرسە و سەرەخۆشی خۆم دەربڕی بۆ لەدەستدانی ئەو گیانانەی کە بەهۆی هێرشە بێ پاساو و قبووڵنەکراوەکانەوە بۆ سەر خاکی عێراق کەوتنەوە."

ئەو بەرپرسە باڵایەی ئەوروپا جەختی لە بەردەوامیی پشتیوانییەکانیان بۆ بەغدا کردەوە و ڕایگەیاند: "یەکێتیی ئەوروپا هاوبەشێکی متمانە پێکراوە کە بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردنی کۆماری عێراق و سەقامگیری و سەروەرییەکەی، هەروەها پاڵپشتیکار دەبێت بۆ هێورکردنەوە و کەمکردنەوەی گرژییەکان لە سەرتاسەری ناوچەکەدا."