ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم: مووشەکێک بەر وێستگەی ئەتۆمیی بوشەهر کەوتووە

ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم رایگەیاند، ئێران ئاگاداری کردوونەتەوە کە ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە مووشەکێک یان تەقەمەنییەک بەر شوێنی وێستگەی ئەتۆمیی بوشەهر کەوتووە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی یان تیشکدانەوەی لێ نەکەوتووەتەوە.

ئاژانسەکە ئاماژەی بەوە کردووە، بەپێی ئەو زانیارییانەی لە لایەنی ئێرانییەوە پێیان گەیشتووە، هیچ زیانێکی گەورە بەر وێستگەکە نەکەوتووە و کارمەندانی وێستگەکەش سەلامەتن.

لە لایەکی دیکەوە، کۆمپانیای "رۆس ئاتۆم" کە کۆمپانیای حکومەتیی ڕووسیایە بۆ وزەی ئەتۆم، سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و داوای هێورکردنەوەی دۆخەکەی کرد. هەروەها سەرۆکی کۆمپانیای رۆس ئاتۆم لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: بە توندی سەرکۆنەی ئەوەی روویداوە دەکەین و داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین هەموو هەوڵێکی خۆیان بدەن بۆ هێورکردنەوەی دۆخی دەوروبەری وێستگەی ئەتۆمیی بوشەهر."

وێستگەی بوشەهر، کە لە ساڵانی حەفتاکاندا لەلایەن کۆمپانیایەکی ئەڵمانییەوە دەست بە دروستکردنی کرا و دواتر لەلایەن رووسیاوە تەواوکرا، یەکێکە لە ناوەندە هەستیارەکانی وزە لە ئێران. هاوکات ئاژانسی هەواڵی "تەسنیم" لە زاری ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێرانەوە پشتڕاستی کردەوە کە تەقەمەنییەک بەر ناوچەیەکی نزیک لە وێستگەکە کەوتووە.