وەزیری ناوخۆی ئێران: دوژمن لە رێگەی بەئامانجگرتنی بنکەکانی پۆلیسەوە هەوڵی تێکدانی ئاسایش دەدات
ئەسکەندەر موئمینی، وەزیری ناوخۆی کۆماری ئیسلامیی ئێران، هۆشداریی دەدات و رایدەگەیەنێت؛ نەیارانی وڵاتەکەی پلانیان هەیە لە رێگەی لێدان لە دامەزراوە مەدەنی و خزمەتگوزارییەکان، ئاسایش و سەقامگیریی هاووڵاتییان بخەنە مەترسییەوە.
وەزیری ناوخۆی ئێران لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا جەختی کردەوە دوژمن بە وردی کار لەسەر تێکدانی باری تەناهی وڵات دەکات.
موئمینی ئاماژەی بەوە کرد، بنکەکانی پۆلیس و دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئەو لایەنانەن بۆ ئەوەی دۆخی ناوخۆیی وڵات ئاڵۆز بکەن.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وەزیری ناوخۆ رێنمایی تایبەتی ئاراستەی پارێزگارەکان کرد و داوای لێکردن: "پێویستە پارێزگارەکان ئامادەیی مەیدانییان لە خاڵەکانی پشکنیندا زیاتر بکەن و بە شێوەیەکی رژد بەدواداچوون بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی هاووڵاتییان بکەن."
ئەم لێدوانانەی موئمینی لە کاتێکدایە ناوخۆی ئێران بەدەست چەند پێشهاتێکی ئەمنییەوە گرفتارە و دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەش جەخت لەسەر گرتنەبەری رێکاری توندتر دەکەنەوە بۆ پاراستنی دامەزراوە گشتییەکان و سەقامگیریی کۆمەڵایەتی.