عێراقچی: لێکەوتەکانی جەنگ لە ناوچەکەدا هەموو جیهان دەگرێتەوە

لە 19ەمین رۆژی هەڵگیرسانی جەنگ لە نێوان ئێران لە لایەک و ئیسرائیل و ئەمریکا لە لایەکی دیکەوە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، هۆشداریی دەدات و رایدەگەیەنێت؛ لێکەوتەکانی ئەم جەنگە تەنیا سنووری ناوچەکە نابەزێنێت، بەڵکو کاریگەری دەبێت لەسەر تەواوی جیهان.

عێراقچی لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" بڵاویکردەوە: "شەپۆلی لێکەوتە جیهانییەکانی جەنگ تازە دەستی پێکردووە و بێ گوێدانە سامان، ئایین یان رەگەز، بەرۆکی هەمووان دەگرێت." وەزیری دەرەوەی ئێران وێنەی دەستلەکارکێشانەوەی بەرپرسێکی باڵای دژە تیرۆری ئەمریکای هاوپێچ کردووە وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بەم جەنگە پۆستەکەی جێهێشتووە.

عێراقچی ئاماژەی بەوەش کردووە، دەنگی دژە جەنگ لە نێو بەرپرسانی ئەوروپی و ئەمریکیشدا لە زیادبووندایە و ئەم جەنگە بە ناڕەوا ناودەبەن، داواشی لە ئەندامانی دیکەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد هەڵوێستی هاوشێوەیان هەبێت.

ئەم لێدوانانەی وەزیری دەرەوەی ئێران لە کاتێکدایە  سوپای ئێران هەڕەشەی تۆڵەکردنەوەی سەخت دەکات لە پای کوژرانی عەلی لاریجانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران.

لەلایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاندووە؛ وڵاتەکەی هێشتا ئامادە نییە بۆ کشانەوە لە کردەوە سەربازییەکان لە ناو ئێران، بەڵام جەختی کردەوە "لە ئایندەیەکی زۆر نزیکدا دەکشێنەوە."

ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد، هێزەکانیان توانیویانە تواناکانی ئێران لە بوارەکانی ئاسمانی، موشەکی و دەریایی تێکبشکێنن.

لە سەرەتای هەڵگیرسانی جەنگەوە لە 28ـی شوباتی رابردوو، ئیسرائیل و ئەمریکا هەزاران هێرشی ئاسمانییان کردووەتە سەر ناوچە جیاجیاکانی ئێران و بنکە سەربازییەکان و سەکۆکانی هەڵدانی موشەکیان کردووەتە ئامانج. هاوکات ئیسرائیل چەندین سەرکردەی باڵای سیاسی و سەربازی ئێرانی تیرۆر کردووە بە ئامانجی رووخاندنی ڕژێمەکە.

لە بەرامبەردا، تاران بە ئاراستەکردنی سەدان موشەک و درۆن بۆ سەر ئیسرائیل و وڵاتانی کەنداو وەڵامی داوەتەوە، بە پاساوی لێدانی بنکە سەربازییەکان و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.