عێراقچی: هەرچییەک لە ناوچەکە رووبدات ئێمە لێی بەرپرسیار نین

عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت "ئەمریکا هێزەکانی لە بنکە سەربازییەکان کشاندووەتەوە و لە هۆتێلەکانی ناو جەرگەی شارەکان نیشتەجێی کردوون، بۆیە هەر دۆخێک رووبدات، ئێمە لێی بەرپرسیار نین و هۆکارەکەی ئەمریکایە".

عێراقچی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ئەلجەزیرەی قەتەری، لە بارەی بە ئامانجگرتنی بنکە و هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە دەڵێت " هێرشەکانمان تەنیا لە سەر بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە چڕ نەکردووەتەوە و سنووردار نەکردووە، بەڵکو لە هەر شوێنێک کۆبوونەوەی هێزەکانی ئەمریکا و دامەزراوەکانیان هەبێت، کراوەتە ئامانجی هێرشەکانمان".

هەروا ئاماژەیداوە "رەنگە بەشێک لەو شوێنانەی هێزەکانی ئەمریکای تێدان، نزیک شارەکان بن، بۆیە هەرچییەک رووبدات، تاوانەکەی لە ئەستۆی ئەمریکایە و ئێمە لێی بەرپرسیار نین، ئەمریکا هێزە سەربازییەکانی لە بنکەکان گواستووەتەوە نێو هۆتێلەکانی نێو جەرگەی شارەکان، بەم کارەشی ناوچەکەی خستووەتە ئەم دۆخە".

دەشڵێت "خەڵکی ئێران باشترین دۆستی ئێمەن، بۆیە ناتوانین لە پێناو وڵاتانی دۆست و دراوسێ کە هەڵە دەکەن، مامەڵە بە ژیانی گەلی ئێرانەوە بکەین".