ئێران سزای لەسێدارەدانی بەسەر سیخوڕێکی ئیسرائیل دا جێبەجێ کرد
ئاژانسی هەواڵی "میزان"ی سەر بە دەسەڵاتی دادوەری ئێران، ئەمڕۆ چوارشەممە، 18ـی ئاداری 2026، رایگەیاند؛ دەسەڵاتدارانی وڵاتەکە سزای لەسێدارەدانیان بەسەر کەسێکدا بە ناوی "کوروش کەیوانی" جێبەجێ کردووە، بە تۆمەتی سیخوڕی کردن بۆ بەرژەوەندی ئیسرائیل.
بەگوێرەی راپۆرتی ئاژانسەکە، کەیوانی تۆمەتبار کراوە بەوەی "وێنە و زانیاری دەربارەی شوێنە گرنگ و هەستیارەکانی ئێرانی رادەستی دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (مۆساد) کردووە."
لەلایەکی دیکەوە، ئاژانسی هەواڵی "فارس" بڵاویکردەوە، سزای لەسێدارەدانی ئەو هاووڵاتییە دوای تەواوبوونی سەرجەم رێکارە یاساییەکان و پەسەندکردنی سزاکە لەلایەن دادگای باڵای وڵاتەوە جێبەجێ کراوە.
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ناوبراو وەک سیخوڕێک بۆ ئیسرائیل کاری کردووە و زانیاری وردی لەسەر بنکە هەستیارەکان داوەتە ئەفسەرانی مۆساد.
لای خۆیەوە جێگری پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی ئەلبۆرز، رایگەیاندووە؛ سەربازە ونەکانی هەواڵگری سەر بە سوپای پاسدارانی ئەلبورز سەرکەوتوو بوون لە دەستگیرکردنی نزیکەی 75 کەسە سەرەکییەکانی پەیوەست بە گرووپە تیرۆریستیەکان، مونافیقەکان، پاشایەتیخوازەکان و تۆڕەکانی دژە ئەمنیەت.
دەشڵێت: "ئەم کەسانە دەستیان هەبووە لە ئەنجامدابی رووداوی کوشتنی خەڵک لە رێپێوانی شەوانە لە گۆڵشاری شاری کەرەج." هەروەها ئەنجامدەرانی سووتاندنی وێنە و سوکایەتیکردن بە سەرکردە عەلی خامنەیی، چالاکی لە فەزای ئەلیکترۆنی و ئەندامانی گرووپێکی هاکەر کە پەیوەندییان بە ئینتەرنێتی ستارلینکەوە هەبووە، دەستنیشانکراون و دەستگیرکراون.