ترەمپ: با هاوپەیمانە بێهەڵوێستەکانمان بەرپرسیارێتیی گەرووی هورمز بگرنە ئەستۆ

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا (وێنە: AFP)
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا (وێنە: AFP)

ئەمڕۆ چوارشەممە، 18ـی ئاداری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس سۆشیاڵ) پەیامێکی توندی سەبارەت بە ئێران بڵاوکردەوە.

لە پەیامەکەیدا دۆناڵد ترەمپ، رایگەیاند، "سەرسامم بەوەی چی روودەدات ئەگەر کۆتایی بە پاشماوەی دەوڵەتی تیرۆریستیی ئێران بهێنین؟".

لەسەر پرسی گەرووی هورمز، ترەمپ گوتی، "باشترە بەرپرسیارێتیی پاراستنی گەرووی هورمز بۆ ئەو وڵاتانە جێبهێڵین خۆیان بەکاریدەهێنن، لەبەرئەوەی ئێمە پێویستمان پێی نییە".

لە کۆتایی پەیامەکەیدا سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، "جێبەجێکردنی ئەم هەنگاوە وادەکات بەشێک لە هاوپەیمانە بێهەڵوێستەکانمان بە خێرایی بێنە سەر خەت و بەرپرسیارێتی بگرنە ئەستۆ".

 گەرووی هورمز رێڕەوێکی ئاویی تەسکە لە نێوان ئێران و عومان، سەدا 20ی دابینکردنی نەوتی جیهانی بەناویدا تێدەپەڕێت. سوپای پاسداران کۆنترۆڵی گەرووەکە دەکات.

دوای هەڵگیرسانی جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل، رێگە بە تێپەڕبوونی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لەو گەروویە نادرێت، ئەمەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی لەسەر ئاستی جیهان.