ئێران كوژرانی وەزیری ئیتڵاعاتی پشتراست کردەوە
سوپای پاسداران به فهرمی كوژرانی وەزیری ئیتڵاعاتی ئێرانی راگهیاند.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 18ـی ئاداری 2026، به شێوهیهكی فهرمی سوپای پاسداران پشتڕاستی كردهوه كه ئیسماعیل خەتیب، وەزیری ئیتڵاعاتی ئێرانی كوژراوه.
ئەمە لە کاتێکدایە، بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگهیاندبوو، لە هێرشەکانی دوێنێ شەویان بۆ سەر تاران، توانیویانە ئیسماعیل خەتیب، وەزیری ئیتڵاعاتی ئێران بکەنە ئامانج و لەناویببەن.
وەزیری بەرگری ئیسرائیل دووپاتیکردەوە، سوپا دەسەڵاتی پێدراوە هەر بەرپرسێکی باڵای ئێرانییان کەوتە بەر چاو بیکوژن.
کاتز ئاماژەی بەوەش دا، ئیسرائیل لە لووتکەی قۆناعێکی چارەنووسساز دایە.
ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنێ سێشەممەش (17ـی ئادار)، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل کوژرانی عەلی لاریجانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران و ژمارەیەک فەرماندەی باڵای سەربازیی ئەو وڵاتەی راگەیاند.
کۆتایی مانگی شوباتی 2026، جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران دەستیپێکرد و تا ئەمڕۆ چوارشەممە، 18ـی ئادار، بەردەوامە.
هێرشە ئاسمانی و مووشەکییەکانی واشنتن و تەلئەڤیڤ بەچڕی خاکی ئێران و پێگەی میلیشیاکانی نزیک لە تاران لە ناوچەکە دەکەنە ئامانج. لە بەرانبەردا، ئێران و هێزە هاوپەیمانەکانی لەرێگەی هەڵدانی درۆن و مووشەکی بالیستییەوە بەردەوامن لە هێرشکردنە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا و شارەکانی ئیسرائیل.
ئەم جەنگە هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتووەتەوە و بووەتە هۆی راگرتنی تەواوی هەوڵە دیپلۆماسییەکان، لە ئێستاشدا تەنیا بژاردەی سەربازی بۆ یەکلاییکردنەوەی ململانێکان لە گۆڕەپانەکەدا ماوەتەوە.