وەزیری دارایی فەرەنسا: دوای جەنگ گەرووی هورمز دەپارێزین
وەزیری دارایی فەرەنسا رایگەیاند، وڵاتەکەی ئامادەیە هاوکاری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بکات بۆ دابینکردنی ئاسایشی گەرووی هورمز، بەڵام جەختی کردەوە کە ئەمە تەنیا لە کاتێکدایە کە گرژییەکان کۆتایییان بێت و دۆخی ناوچەکە جێگیر بێت.
چوارشەممە 18ـی ئاداری 2026، رۆلان لیسکور، وەزیری دارایی فەرەنسا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی CNBCـی ئەمریکی رایگەیاند: "ئێمە ئامادەین هەموو کارێک بکەین بۆ ئازادکردنی گەرووی هورمز، بەڵام نەک لە کاتێکدا کە ئاگری جەنگ لە ناوچەکە هەبێت ."
لیسکور ئاماژەی بەوە کرد کە مەترسیی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان رێگرە لەبەردەم جووڵەی دڵنیای کەشتییەکان و گوتی: پێویستمان بە هێورکردنەوەی دۆخەکە هەیە، دوای ئەوە دەتوانین بیر لە پاراستنی گەرووی هورمز بکەینەوە. ئێمە دەزانین چۆن ئەو کارە بکەین، بەڵام لە کاتی شەڕدا ئەنجامی نادەین.
ئەم لێدوانانە دوای ئەوە دێن کە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆک کۆماری فەرەنسا، بە توندی دەنگۆکانی بەشداری سەربازیی وڵاتەکەی لە گەرووی هورمز رەت کردەوە. ماکرۆن وەڵامی لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپی دایەوە کە پێشتر ئاماژەی بەوە کردبوو پاریس رەزامەندی نیشان داوە بۆ بەشداریکردن لە هاوپەیمانییەکی سەربازی بە رێبەرایەتی واشنتن.
ماکرۆن لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی وڵاتەکەیدا رایگەیاندبوو: "ئێمە لایەن نین لەم ململانێیەدا، بۆیە فەرەنسا لەم بارودۆخەی ئێستادا هەرگیز بەشداری لە هیچ ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی بۆ کردنەوە یان ئازادکردنی گەرووی هورمز ناکات."
سەرۆکی فەرەنسا ئاماژەی بەوەش کردبوو، کە تەنیا کاتێک ئامادەن بەرپرسیارێتی پاراستنی کەشتییەکان بگرنە ئەستۆ کە بۆردوومانەکان بوەستن و دۆخەکە هێور بێتەوە. بەپێی زانیاریی سەرچاوە دیپلۆماسییەکانی فەرەنسا، پاریس هەوڵ دەدات هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی جیاواز لە ئەمریکا پێکبهێنێت بۆ پاراستنی ئاسایشی دەریاوانی، بەڵام جێبەجێکردنی ئەم پلانە بەستراوەتەوە بە سەقامگیریی ئەمنی لە ناوچەکەدا.