موجتەبا خامنەیی پەیامێک ئاراستەی بکوژانی لاریجانی دەکات
رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە پەیامێکی فەرمیدا بۆ کوژرانی عەلی لاریجانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی و کوڕەکەی و ژمارەیەک لە هاوکارانی، هێرشەکەی بە نیشانەی "قین و رقی دوژمنانی ئیسلام" وەسف کرد و جەختی کردەوە کە ئەم تاوانە بێ وەڵام نامێنێتەوە.
چوارشەممە 18ـی ئاداری 2026، موجتەبا خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران، پەیامێکی سەرەخۆشیی بەبۆنەی کوژرانی عەلی لاریجانی و کوڕەکەی بڵاو کردەوە و تێیدا لاریجانی وەک کەسایەتییەکی "زانا، دووربین، هۆشمەند و خاوەن ئەزموون" لە بوارە جیاوازەکانی سیاسی، سەربازی و ئەمنیدا ناوبرد.
رێبەری ئێران ئاماژەی بەوە کرد کە نزیکەی پێنج دەیە خزمەتی لاریجانی بووە کەسایەتییەکی دیار و کاریگەر، کوشتنیشی سەلمێنەری گرنگیی پێگەکەیەتی لەلایەن نەیارانی وڵاتەکەیەوە.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، موجتەبا خامنەیی رایگەیاند، "دوژمنانی ئیسلام بزانن کە رشتنی ئەم خوێنە تەنیا دەبێتە هۆی بەهێزتربوونی کۆماری ئیسلامی، هەر خوێنێکیش باجی خۆی هەیە و بکوژە تاوانبارەکان دەبێت بەم زووانە باجی ئەم جنایەتەیان بدەن."
سێشەممە، 17ـی ئاداری 2026، ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی دا، کە عەلی لاریجانی، لە میانی هێرشێکی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل کراوەتە ئامانج و کوژراوە.