ئەنقەرە: ناتۆ سیستەمێکی تری پاتریۆتی لە باشووری تورکیا جێگیر کرد
حکومەتی تورکیا رایگەیاند، هاوپەیمانی ناتۆ باترییەکی تری سیستەمی بەرگریی مووشەکی "پاتریۆت"ی لە بنکەی ئاسمانیی "ئەنجەرلیک" لە باشووری وڵاتەکە جێگیر کردووە.
چوارشەممە 18ـی ئاداری 2026، بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە بنکەی ئەنجەرلیک بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، ئەم بڕیارەی ناتۆ دوای ئەوە دێت کە لە کاتی دەستپێکردنی ئاڵۆزی و جەنگ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چەندین جار ئەو مووشەکانەی لەلایەن ئێرانەوە هاوێژراون لە ئاسمانی ناوچەکەدا تێکشکێنراون و رێگرییان لێ کراوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، وەکو هەوڵێک بۆ رێگری کردنی لە هێرشی مووشەکی و بەهێزکردنی بەرگری ئاسمانی تورکیا، سیستەمێکی تری پاتریۆت لە بنکەکە جێگیر دەکرێت، ئەمەش دەبێتە پاڵپشتییەک بۆ ئەو سیستەمە پاتریۆتە ئیسپانییەی کە پێشتر لەوێ جێگیر کرابوو".