رۆیتەرز: ئەمریکا پلانی جێگیرکردنی هێزی زەمینی لە کەنداو داڕشتووە
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 19ـی ئداری 2026، ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردووەتەوە، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا چاوی لە ناردنی هێزی سەربازییە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی، ئەمەش هاوتەریب لەگەڵ ئامادەکارییەکانی واشنتن بۆ قۆناخی داهاتووی جەنگ لەگەڵ ئێران.
لە راپۆرتەکەی رۆیتەرزدا هاتووە، ترەمپ دەیەوێت بژاردەکانی کۆنتڕۆڵکردنی گەرووی هورمز زیاد بکات، هەرچەندە لە قۆناخی یەکەمدا، ئەمریکا بە نیازە لەڕێگەی دەریا و ئاسمان، هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی گەرووە هەستیارەکەی جیهان بدات.
لە ئەگەری کۆنتڕۆڵکردنی گەرووی هورمز، ئەمریکا پێویستی بە هێزی زەمینییە، تاوەکو تەواو کۆنتڕۆڵی دۆخی هاتووچۆی کەشتییەکان بکات.
چوار سەرچاوەی جیاواز بە رۆیتەرزییان گوتووە، پلانێکی سەربازی تاوتوێدەکرێت و جێگیرکردنی سەرباز لە گەرووەکە، یەکلاییکەرەوەیە.
لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا نووسراوە، ئیدارەی ترەمپ تاوتوێی ناردنی هێزی زەمینیان بۆ دوورگەی خارگ لە باشووری ئێران کردووە.
دوورگەی خارگ، ناوەندی هەناردەکردنی90%ی نەوتی ئێرانە، بەڵام ئەم بژاردەیە بە بژاردەیەکی مەترسیدار لە نێو ئیدارەی ترەمپ وەسف کراوە، چونکە درۆن و مووشەکەکانی ئێران بە ئاسانی دەگەنە دوورگەی خارگ.