تەنیا 5%ـی رێڕەوی گەرووی هورمز بەکار دەهێنرێت
لە سەرەتای سەرهەڵدانی جەنگی ئێران تەنیا 90 کەشتی بە گەرووی هورمزدا تێپەڕیون.
پێگەی فایەرپۆستی جیهانی ئاشکرای کردووە، لە سەرەتای سەرهەڵدانی ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە تەنیا 90 کەشتیی نەوتهەڵگر و بارهەڵگر توانیویانە بە گەرووی هورمزدا تێپەڕن، ئەمەش دەکاتە تەنیا لەسەدا پێنجی توانای گەرووەکە و بەشەکەی دیکەی بەهۆی شەڕەوە داخراوە.
پێگەی فایەرپۆست ئاماژەی بەوەش دا، لە کۆی ئەو 90 کەشتییەی بە هورمزدا تێپەڕیون تەنیا 65 دانەیان تایبەت بوون بە گواستنەوەی سووتەمەنی، هاوکات بەشێک لە کەشتییە تێپەڕبووەکانیش لە لیستی سزاکانی ئەمریکا و یەکێتیی ئەوروپادان.
لەگەڵ ئەوەی ئێران بە فەرمی داخستنی گەرووی هورمزی رانەگەیەندووە، بەڵام بە کرداری گەرووەکە گەمارۆی لەسەرە و زۆرینەی کەشتییەکان ناتوانن مەترسیی تێپەڕین بە گەرووەکەدا هەڵبگرن لە ترسی بەئامانجگرتنیان لەلایەن ئێرانەوە.
لە بەرانبەردا سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لە هەوڵدایە بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانێتییەک بە مەبەستی کردنەوەی گەرووی هورمز.
ململانێکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە مانگی ئاداری ساڵی 2026 چوونەتە قۆناخێکی مەترسیدارەوە، بەتایبەتی دوای ئەوەی ئێران هێرشی مووشەکی و درۆنی کردە سەر ژێرخانی وزەی وڵاتانی کەنداو وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ لێدانی کێڵگەی گازی پارسی باشوور.
ئەم پێشهاتانە وایان کردووە کۆمپانیا زەبەلاحەکانی گواستنەوەی دەریایی رێڕەوی خۆیان بگۆڕن و خۆیان لە گەرووی هورمز بپارێزن، ئەمەش نرخی نەوتی لە بازاڕەکانی جیهاندا بۆ سەرووی 110 دۆلار بەرزکردەوە.
لە لایەکی دیکەوە سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ فشاری خستووەتە سەر پێنتاگۆن بۆ دانانی پلانێکی سەربازیی خێرا بۆ ناوچەکە، ئامانج لێی پاراستنی ئاسایشی هاتوچۆی دەریایی و رێگریکردنە لە هەژموونی ئێران لەو رێڕەوە ئاوییە ستراتیژییەدا.
گەرووی هورمز یەکێکە لە گرنگترین و ستراتیژیترین رێڕەوە ئاوییەکانی جیهان، چەندین تایبەتمەندیی جوگرافی و ئابووریی گەورەی هەیە. ئەم گەرووە بە بڕبڕەی پشتی دابینکردنی وزەی جیهان دادەنرێت.
پێش هەڵگیرسانی جەنگی ئێران، رۆژانە نزیکەی 20 بۆ 21 ملیۆن بەرمیل نەوت بەم گەرووەدا تێدەپەڕین، کە دەکاتە نزیکەی لەسەدا 20 بۆ لەسەدا 30ی کۆی گشتیی نەوتی بەکاربراوی جیهان.
بەشێکی زۆری گازی سروشتیی شلکراوە (LNG)ی جیهان، بەتایبەتی بەرهەمەکانی قەتەر، لەرێگەی ئەم گەرووەوە رەوانەی بازاڕەکانی جیهان دەکران. بە گشتی نەوت و گازی وڵاتانی سعوودییە، عێراق، ئیمارات، کوەیت و ئێران بەم رێڕەوەدا دەگوازرێنەوە.