سەرۆکوەزیرانی لاتیڤیا بۆ کوردستان24: پێویستە رووسیا تێچووی جەنگی ئۆکرانیا لە ئەستۆ بگرێت

ئێڤیکا سیلینا، سەرۆکوەزیرانی لاتیڤیا
ئێڤیکا سیلینا، سەرۆکوەزیرانی لاتیڤیا

سەرۆکوەزیرانی لاتیڤیا رایگەیاند، نابێت رووسیا لە شەڕی ئۆکرانیا سوودمەند بێت و پێویستە تێچووی قەیرانەکان و ئەو شەڕە بخرێتە ئەستۆی مۆسکۆ.

لە وەڵامی پرسیارێکی بارزان حەسەن، پەیامنێری کوردستان24، ئێڤیکا سیلینا، سەرۆکوەزیرانی لاتیڤیا ئاماژەی بەوە کرد، "هەڵەیەکی گەورە دەبێت ئەگەر روسیا لەم شەڕەدا سوودمەند بێت".

 گوتیشی، "ئێمە لەگەڵ سەرکردەکانی ئەورووپا و هاوبەشەکانمان و وڵاتانی وەک بەریتانیا و کەنەدا کارێکی گەورەمان کردووە بۆ کەمکردنەوە و سنووردارکردنی تواناکانی رووسیا لە بەدەستهێنانی سەرچاوەی دارایی بۆ ئامێرە سەربازییەکانی".

هەروەها هۆشداری دا، "رووسیا بەردەوام هەوڵ دەدات رێگەی دیکە بدۆزێتەوە بۆ خۆدزینەوە لە سزاکان". روونیشی کردەوە، "نابێت ئەم راستییە لەبیر بکەین".

سەبارەت بە هەڵوێستی ئۆکرانیا، سیلینا باسی لە ڤلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا کرد و گوتی، "سەرۆک زێلێنسکی هەمیشە دەڵێت پێویستە رووسیا سنووردار بکرێت و رابگیرێت، لە راستیدا نابێت ئۆکرانیا باجی ئەم شەڕە بدات، بەڵکو ئەمە رووسیایە دەبێت باجەکەی بدات".

لە کۆتایی قسەکانیدا جەختی لە کاریگەرییەکانی شەڕەکە لەسەر ئەوروپا کردەوە و ئاماژەی بەوە دا، "لە ئێستادا ئەورووپییەکان بەهۆی ئەو قەیرانانەی رووسیا دروستی کردوون باجێکی دیاریکراو دەدەن، ئەم قەیرانە هۆکارەکەی ئۆکرانیا نییە، بەڵکو رووسیایە، بۆیە پێویستە پسوولەی تێچووەکان بخەینە سەر مێزی روسیا نەک ئۆکرانیا".

لاتیڤیا یەکێکە لەو وڵاتانەی ئەورووپا زۆرترین پشتگیری لە ئۆکرانیا دەکات لە جەنگەکەی بەرانبەر بە رووسیا. بەپێی ئامارە فەرمییەکان، تاوەکو ساڵی 2025، لاتیڤیا نزیکەی 860 ملیۆن یۆرۆ هاوکاریی جۆراوجۆری پێشکەشی ئۆکرانیا کردووە، لەو بڕەش 540 ملیۆن یۆرۆی تەنیا هاوکاریی سەربازی بووە. 

هەروەها حکوومەتی لاتیڤیا بەڵێنی داوە ساڵانە هاوکاریی سەربازی بە بڕی 0.25%ـی تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی (GDP) پێشکەش بە ئۆکرانیا بکات و بەردەوام بێت لە دابینکردنی چەک و ئۆتۆمبێلی زرێپۆش و درۆن بۆ سوپای ئەو وڵاتە.