عێراق داخستنی ئاسمانی وڵاتەکەی بۆ 72 کاتژمێری دیکە درێژ کردەوە

دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی شارستانیی عێراق رایگەیاند، وەک رێکارێکی خۆپارێزی، بۆ ماوەی 72 کاتژمێری دیکە ئاسمانی وڵاتەکە بە رووی هەموو گەشتە ئاسمانییەکاندا بە داخراوی دەمێنێتەوە.

بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 19-3-2026، دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی شارستانیی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، بڕیاردراوە بە درێژکردنەوەی ماوەی داخستنی ئاسمانی عێراق بە رووی هەموو ئەو فڕۆکەوانەی دێنە ناو وڵات، یان لێی دەچنە دەرەوە و ئەوانەشی بە ئاسمانیدا تێدەپەڕن، بۆ ماوەی 72 کاتژمێر.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، بڕیارەکە لە کاژێر 12:00ـی نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممەوە دەستپێدەکات و تاوەکو کاژێر 12:00ـی نیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە بەردەوام دەبێت، ئەمەش وەک رێکارێکی خۆپارێزیی کاتی گرتووەتە بەر.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەم بڕیارە لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنی بەردەوامی بارودۆخی ئەمنی و پەرەسەندنەکانی ناوچەکە دراوە، ئاماژە بەوەش کراوە کە بەگوێرەی پێشهات و گۆڕانکارییە نوێیەکان، جارێکی دیکە هەڵسەنگاندن بۆ دۆخەکە دەکرێتەوە و بڕیاری پێویست دەدرێت.