عێراق سکاڵا لەسەر هێرشکارانی سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی تۆمار دەکات
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایدەگەیەنێت، حکوومەت دەستی بە گرتنەبەری رێکارەکان کردووە بۆ تۆمارکردنی سکاڵا دژی ئەو لایەنەی بووەتە هۆی بۆردومانکردنی بارەگاکانی حەشدی شەعبی و هێزە ئەمنییەکانی دیکە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 19ـی ئایاری 2026، سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، "ئێمە بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە ترسنۆکانەمان کرد کە کرایە سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی، کە دامەزراوەیەکی ئەمنیی فەرمیی سەربە حکوومەتە و ئەرکەکانی خۆی بۆ پاراستنی ئاسایش و بەرگریکردن لە عێراق جێبەجێ دەکات."
سەباح نوعمان ئاماژەی بەوەشکرد، "هێرشەکە پاساو هەڵنەگرە، بۆیە دەستمان بە رێکارە یاساییەکان کردووە دژی ئەوانەی بوونەتە هۆکاری کوژرانی چەکدارانی حەشدی شەعبی و هێزە ئەمنییەکانی دیکەمان."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، گوتەبێژەکەی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکان باسی لەوە کرد، محەممەد شیاع سوودانی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، لیژنەیەکی پێکهێناوە بۆ سەردانیکردنی خێزانی کوژراوەکان و بەسەرکردنەوەی بریندارەکان، هەروەها خۆیشی راستەوخۆ بەدواداچوون بۆ رەوشی تەندروستیی بریندارەکان دەکات.
سەباح نوعمان جەختیشی کردەوە، عێراق بە فەرمی دەستی بە رێکارە یاساییەکان کردووە بۆ پێشکەشکردنی سکاڵا دژی ئەوانەی بەرپرسیارن لە بۆردومانکردنی بارەگاکانی حەشدی شەعبی و بنکە ئەمنییەکانی دیکەی وڵات.
ئەمە لەکاتێکدایە لەسەرەتای دەستپێکردنی جەنگی ئێران و ئیسرائیل و ئەمریکا، چەندین جار هێرشکراوەتە سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی و دەیان چەکداریان لێ کوژراو و بریندار بووە، هەروەها ئەمریکا چەندین جار هۆشداری داوەتە حکوومەتی عێراقی دەبێت حەشی شەعبی هەڵوەشێنێتەوە.