وەزیری جەنگی ئەمریکا: ئەمڕۆ هێرشە ئاسمانییەکانمان بۆ سەر ئێران چڕ دەکەینەوە

پێت هێگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکا
پێت هێگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکا

وەزیری جەنگی ئەمریکا جەخت لە بەردەوامبوونی هێرشەکان بۆ سەر ئێران دەکاتەوە و دەڵێت، پێویستە وڵاتانی جیهان سوپاسی ترەمپ بکەن کە شەڕی ئێران دەکات. 

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 19ـی ئاداری 2026، پێت هێگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ سوپاسالاری ئەمریکا، رایگەیاند، زۆربەی دەزگاکانی راگەیاندن دەیانەوێت وا لە ئەمریکییەکان بکەن باوەڕ بکەن هێزەکانیان بەرەو گێژاوێک یان زەلکاوێک دەڕۆن، گوتیشی، "تاوەکو تەواوکردنی ئەرکەکانمان لە ئێران ناوەستین و قوربانیدانی سەربازەکانمان پێداگریمان زیاتر دەکات".

سەبارەت بە ئامانجی هێرشەکانیان، وەزیری جەنگی ئەمریکا روونیشی کردەوە، ئێران وڵاتێکی بەرفراوانە و سەرچاوەکانی دەوڵەتی بۆ دروستکردنی مووشەک و درۆن بەکار هێناوە، ئەوەشی خستە روو، زیاتر لە 7 هەزار ئامانجیان لە ناوخۆی ئێران پێکاوە و ئەم ژمارەیەش گوزارشت لە هێزی تێکشکێنەری ئەمریکا دەکات.

پیت هێگسێت باسی لە قەبارەی زیانەکانی ئێرانی کرد و ئاماژەی بەوە دا، زیانیان بە زیاتر لە 120 کەشتیی ئێرانی گەیاندووە، هاوکات جەختی لەوەش کردەوە، ئەمڕۆ بەهێزترین هێرشیان دەبێت و پیشەسازیی سەرەکیی ئێران لەسەر بنەمای ئەو باڵە تیرۆریستییانە کار دەکات دەوڵەت پاڵپشتییان دەکات.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وەزیری جەنگی ئەمریکا گوتی، "پێویستە جیهان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هاوپەیمانە هاوکارنەبووەکانمان لە ئەوروپا سوپاسی دۆناڵد ترەمپ بکەن، ئێمە بەپێی مەرجەکان و ئامانجەکانی خۆمان سەرکەوتن بەدەست دەهێنین".

لە کۆتاییدا پیت هێگسێت ئەوەی خستە روو، ئامانجیان تێکشکاندنی سەکۆ مووشەکییەکان و بنکە پیشەسازییەکانی ئێرانە بۆ ئەوەی رێگری لەو وڵاتە بکەن ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.