عێراقچی: ئەگەر ژێرخانمان بکرێتە ئامانج، چیدیکە دان بە خۆماندا ناگرین
وەزیری دەرەوەی ئێران، رایگەیاند: کە وڵاتەکەی لە وەڵامدانەوەی هێرشەکانی ئیسرائیلدا تەنیا بڕێکی زۆر کەم لە توانای خۆی بەکار هێناوە. هاوکات هۆشدارییەکی توندی دایە تەلئەڤیڤ و گوتی: هەر هێرشێکی دیکە بۆ سەر ژێرخانی ئێران، وەڵامێکی بێسنووری لێ دەکەوێتەوە.
پێنجشەممە، 19ـی ئاداری 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: هێرشە وەڵامدەرەوەکانی وڵاتەکەی بۆ سەر ئیسرائیل، تەنیا بڕێکی کەم لە توانای ئێرانی تێدا بەکار هاتووە، هێشتا ئێران هەموو توانای خۆی بەکار نەهێناوە.
وەزیری دەرەوەی ئێران، رایگەیاند: "ئەگەر جارێکی دیکە ژێرخانی ئابووری و خزمەتگوزاریی ئێران بکرێتە ئامانج، تاران بە هیچ شێوەیەک پابەندی دانبەخۆداگرتن نابێت."
هاوکات ئاماژەی بەوەش کرد، کە هەر جۆرە رێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بەم جەنگە، دەبێت قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانانە لەخۆ بگرێت کە بەر ناوەندە مەدەنییەکان کەوتوون.
عێراقچی روونی کردەوە، کە هۆکاری سەرەکیی ئەوەی تا ئێستا ئێران بە ئاستێکی سنووردار وەڵامی داوەتەوە، تەنیا رێزگرتن بووە لەو داواکارییە نێودەوڵەتییانەی کە داوای هێورکردنەوەی بارودۆخەکە و رێگری لە پەرەسەندنی گرژییەکان دەکەن.
ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.
لە بەرانبەردا ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.