پشتیوان سادق: پێویستە هەرێمی کوردستان لە ململانێکان بپارێزرێت

(وێنە؛پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان)
(وێنە؛پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان)

ئەمڕۆ هەینی، 20ـی ئاداری 2026، پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا بە بۆنەی هاتنی جەژنی رەمەزان و جەژنی نەورۆز، چەند پەیامێکی گرنگی ئاراستەی رای گشتی کرد و تیشکی خستە سەر بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی ناوچەکە.

وەزیری ئەوقاف پیرۆزباییەکی گەرمی ئاراستەی خەڵکی کوردستان کرد و هیوای خواست ئەم بۆنانە ببنە مایەی خۆشی و ئارامییەکی بەردەوام. رایگەیاند: "ئومێدەوارم کوردستان پارێزراو بێت لەو کێشە و جەنگانەی کە ئێستا لە ناوچەکەماندا هەیە." هەروەها سوپاسی تایبەتی مامۆستایانی ئایینی کرد، لە مانگی رەمەزاندا لە رێگەی مینبەرەکانەوە ماندوو بوون لە خزمەتکردن و رێنماییکردنی بڕواداران.

پشتیوان سادق پیرۆزبایی جەژنی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان و هێزەکانی ناوخۆ کرد و دەستخۆشی لێکردن کە توانیویانە بە ماندووبوونیان ژینگەیەکی ئارام بۆ هاووڵاتییان دابین بکەن تا مانگی رەمەزان بێ کێشە بەڕێوە بچێت.

سەبارەت بە پرسی سیاسی و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت، پشتیوان سادق وەک نوێنەرێکی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "پارتی درێخی نەکردووە و ئەوەی پێمان کراوە بۆ لێکگەیشتن ئەنجاممان داوە. ئومێدەوارین دوای جەژن گفتوگۆکان بە فەرمی دەست پێبکەنەوە." ئاماژەی بەوەش کرد، خەڵکی کوردستان مافی خۆیەتی دەنگی داوە، بە زووترین کات حکوومەتێکی بۆ پێکبهێنرێت کە رەنگدانەوەی داخوازییەکانیان بێت و خزمەتیان بکات.

وەزیری ئەوقاف جەختی کردەوە، حکوومەتی هەرێم لە رابردوودا خزمەتی باشی کردووە و لە داهاتووشدا بەردەوام دەبێت. لە هەمان کاتدا، ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستانی بە ناڕەوا وەسف کرد و گوتی: "هەرێمی کوردستان لەو کێشە و جەنگانەی ناوچەکەدا بێلایەنە، بۆیە پێویستە هەموو لایەنەکان ئیدانەی ئەو هێرشانە بکەن کە دەکرێنە سەر هەرێمەکەمان."