سوپای پاسداران: لەکاتی شەڕیشدا بەردەوامین لە بەرهەمهێنانی مووشەک

گوتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، لە ناو جەرگەی شەڕیشدا بەردەوامن لە بەرهەمهێنانی مووشەک.

عەلی محەممەد نائینی، گوتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران، نمرەی 20 واتە نمرەی تەواو دەداتە پیشەسازیی مووشەکیی وڵاتەکەی و رایدەگەیەنێت، "هیچ نیگەرانییەک لەمبارەیەوە نییە، تەنانەت لە دۆخی جەنگیشدا بەرهەمهێنانی مووشەکمان بەردەوامە، کە ئەمە مایەی سەر سوڕمانە، هاوکات لە پاشەکەوتکردنی مووشەکیشدا هیچ کێشەیەکمان نییە."

محەممەد نائینی ئاماژەی بەوەش کرد، سوپرایزی چاوەڕواننەکراویان بۆ دوژمن هەیە و گوتیشی، "هەرچەندە بەرەو پێش بڕۆین، جەنگەکە ئاڵۆزتر و پڕ لە سورپڕایز دەبێت."

گوتەبێژی سوپای پاسداران وێڕای ستایشی گەلی ئێران باسی لەوەکرد، "ئەگەر نمرەیەک لە سەرووی 100 و 20 هەبێت، دەبێت بەم گەلەی بدەین، چاوەڕوانیی خەڵکیش بەردەوامبوونی شەڕە تاوەکو بەچۆک داهێنانی دوژمن، ئەم شەڕە کاتێک کۆتایی دێت، کە سێبەری جەنگ بە یەکجاری لەسەر وڵات لاببرێت."